Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری ناوخۆ پێشوازیی لە كونسووڵی گشتیی توركیا کرد

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ، سێشەممە ٢٣/٧/٢٠١٩، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیوانی وەزارەت پێشوازیی لە هاكان كاراچای، كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دانیشتنێكدا، كە بەرپرسی بەشی توركیای فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كورستان بە بۆنەی دەستبەكاربوونییەوە پیرۆزبایی لە وەزیری ناوخۆ كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركە نوێیەکەیدا بۆ خواست و، خوازیار بوو هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت و زیاتریش پەرە بستێنێت.

لە بەرانبەریشدا وەزیری ناوخۆ سوپاسی كونسووڵی گشتیی توركیای كرد و ڕایگەیاند، كە توركیا وەك وڵاتێكی دراوسێ گرینگیی تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و ئومێدی خواست كە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا بەردەوام بن و بەرەو پێشتریش بچن. ئامادەییی وەزارەتی ناوخۆ و حكوومەتی هەرێمیشی بۆ هەموو ئاسانكارییەك لەو ڕووەوە نیشان دا.