Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"بە مەرجی پارتی ئەوانەی ناویان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠دا نەبێت ناتوانن بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن"

بەغدا-KDP.info-  دوێنێ پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییش پێی وایە، ڕەوشی کەرکووک گونجاو نییە بۆ ھەڵبژاردن و دەشڵێ، پارتی بڕگەیەکی لە بەرژەوەندیی کەرکووک لە نێو یاساکەدا جێگیر کردووە.

دکتۆر ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی لەگەڵ ئەوەدا بوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک بەڕێوە نەچێت تا ئەوکاتەی ڕەوشی ئاڵۆزی کەرکووک ئاسایی دەکرێتەوە، چونکە ئێمە وەک پارتی پێمان وایە ڕەوشی کەرکووک گونجاو نییە بۆ ھەڵبژاردن و پێویستە سەرەتا ڕەوشەکە لە ڕووی ئیداری و ئەمنییەوە ئاسایی بکرێتەوە، دواتر ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، ڕاستە ئێمە لەگەڵ ھەڵبژاردنین، بەڵام لە کەرکووک ھێشتا ھەزاران خەڵک ئاوارەن و تەعریب و دەستکاری ھەیە."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "لە یاسای ٣٥دا بە شێوەیەکی گشتی مافی کورد و پێکھاتەکان پارێزراو نییە، پارتی توانیی ئەو بڕگەیە لەنێو یاساکەدا جێگیر بکات، کە ھەر کەسێک لە لایەن لیژنەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە وەک خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک ددانی پێدا نەنرێت مافی بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووکدا نابێت."

دکتۆر ڤیان سەبری ڕوونی کردەوە: "جگە لە فراکسیۆنی پارتی، فراکسیۆنە کوردەکانی دیکە دەنگیان بە پڕۆژە یاساکە دا، کە ھەڵبژاردن لە کەرکووک بەڕێوە بچێت و ڕەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە و نەکرێتەوە کێشە نییە لای ئەوان، بەڵام پارتی جیددییە لە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک."

قائید میرۆ