Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئامێدی.. زیاتر لە ١٨ هەزار هاووڵاتی لەبەر پەكەكە ناوێرن بگەڕێنەوە

دێرەلووك-KDP.info-  لە شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆچكەی ئامێدی و لە كۆی ٤٧ گوند ٣٨ گوند بەهۆی پەكەكە چۆڵكراون و خەڵكەكەی بە ناچارییەوە لەناو كۆمەڵگەكاندا دەژین، بەڕێوەبەری شارەدێیەكەش دەڵێت، پەكەكە زیانێكی زۆری بە خەڵکی سنووره‌كه‌ گەیاندووە و، تەنیا لە ماوەی ساڵێكدا ٤ كەس شەهید بوون و ٢ كەسیش بێسەروشوێنن.

حەسەن رەسوڵ، هاووڵاتییەكی سنووری دێرەلووكە و لە شارۆچكەی ئامێدی دەژی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هەبوونی پەكەكە لە ناوچەكانیان، ژیان و گوزەرانی ئەوانی بە تەواوی تێكداوە، هەر بەو هۆیەوەشەوە، وەکخۆی ئاماژەی پێدا، لەبەر پەكەكە، زیاتر لە 20 ساڵە گوندەكانی خۆیان چۆڵكردووە و روویان لە دێرەلووك كردووە.

ئەو هاووڵاتییە بە ئەسەفەوە ئاماژەی دا، ئەگەر لە گوندەكانی خۆیان بوونایه‌، ئەوا كشتوكاڵ و ئاژەڵداری خۆیان ده‌كرد، بەڵام ئێستا هیچیان پێ ناکرێ، بۆیەشە داوا لە پەكەكە دەكات، کە بنكە و بارەگاكانی خۆیان لە گوندەكانی ئەوان ببەنە دەرەوە، بۆ ئه‌وه‌ی  توركیا چی دیكە ناوچەكانیان بۆردومان ناكات، تا ئەوانیش بتوانن گوندەكانی خۆیان ئاوەدان بكەنەوە.

نەوزاد رەشید، هاووڵاتیەكی دیكەی هەمان سنوورە، ئەو بە داخەوە دەڵێ، لەبەر هێزێكی كوردی گوندەكانی خۆیان چۆڵ کردووە و، ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەبەر ئەوەی رۆژانە گوندەكانیان بە هۆی بوونی پەکەکەوە بۆردومان دەکرێت، گوتیشی: "ساڵانە بە دەیان كەس لە سنووری ئامێدی بە ئاگری پەكەكە و توركیا شەهید و بریندار دەبن".

سامی بەرواری، بەڕێوەبەری شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆچكەی ئامێدی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و ژمارەی ئەو گوندانەی لەو سنوورە چۆڵ کراون ئاشکرا کرد، کە لە كۆی ٤٧ گوند و دوو كۆمەڵگە لە سنووری شارۆچکەکە، تەنیا ٩ گوند و دوو كۆمەڵگە ئاوەدانن، ئەوانی دیكە كە ژمارەیان ٣٨ گوندە لەبەر پەكەكە ئاوەدان نەكراونەتەوە و چۆڵكراون. ده‌شڵێ، تا پەكەكە لەو گوندانە بێت خەڵك ناوێرن بگەڕێنەوە نێو گوندەكانیان.

بەڕێوەبەری شارەدێی دێرەلووك ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی خەڵکی ئەو گوندانەن، ئاشکراکرد، کە زیاتر لە ١٨ هەزار كەس دەبن و لەبەر پەكەكە ناوێرن بگەڕێنەوە گوندەكانیان، ئێستا لەنێو كۆمەڵگەكاندا دەژین، تەنانەت ناشتوانن بگەڕێنەوە و سوود لە رەز و باخەكانی خۆیان وەربگرن و ناشتوانن ئاژەڵ بەخێو بكەن.

ناوبراو جەختیشی کردەوە، كە بە دەیان شوێنی گەشتیاری لەو گوندانە هەن، بەڵام ئێستا لەبەر پەكەكە ناتوانن دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە درێژ بكەن، كە تەنیا لە ماوەی یەك ساڵدا 4 كەس لەسەر دەستی پەكەكە و توركیا شەهید بوون و دوو كەسیش تا ئێستا بێ سەروشوێنن.

 

ڕابین شێروانی

پێداچوونەوەی_خێڵان بەختیار