Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا كۆبوونەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكانیان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، تاوتوێ كرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی 7ـی 2019 لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا، كە جێمس سۆرنتۆن، كۆنسووڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی بەریتانیا خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بەو گۆڕانكارییە ئیجابییانەی كە لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەروەها پێشڤەچوونی پەیوەندی و دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕوویان داوە و بە مایەی ئومێدی وەسف كرد.

باڵیۆزی بەریتانیا، هەروەها پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئاماژەیشی بە ویستی بەریتانیا دا لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق.

لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیای بە گرنگ وەسف كرد و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە بچن و هیوای سەركەوتنیشی بۆ كۆنسووڵی گشتیی تازەی بەریتانیا لە هەولێر خواست لە ئەرك و كاری نوێیدا.

بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێكردنی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش و مەترسیی دووبارە دەركەوتنەوەیان، تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.