Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی پۆستێکی دیکەی پارێزگای مووسڵ وەردەگرێتەوە

مووسڵ -KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی، لە مووسڵ چوار بەڕێوەبەری گشتی ھەیە و یەکێک لەوانە کە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستییە دراوە بە پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدیشی دیاری کراوە و لە کۆبوونەوەی داھاتوودا دەنگی لەسەر دەدەن و ھەڵدەبژێردرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، سەیدۆ چەتۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەسەر ئاستی پارێزگای مووسڵ چوار بەڕێوەبەری گشتی ھەیە، ئەوانیش پەروەردە و تەندروستی و وەبەرھێنان و پۆلیس، یەکێک لەوانە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەویش بەڕێوەبەری تەندروستییە و ناوی کاندیدیش پێشکەش کراوە و لە دانیشتنی داھاتوودا دەنگی لەسەر دەدەین و پەسەند دەکرێت و ئەو پۆستەش وەردەگرین."

سەیدۆ چەتۆ گوتیشی: "جگە لەبەڕێوەبەری گشتی، کۆمەڵێک پۆستی دیکەی خزمەتگوزاری وەردەگرین کە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانن، چونکە بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن ئێمە ٣٣%ی ئەنجومەن پێک دێنین و پشکی ئێمەش زیاتر لە٣٠%ی پۆستەکانی مووسڵە، بۆیە لە ھەرچوار پۆست یەکێک پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە."

چەتۆ باسی لەوەش کرد: "ھەر پۆستێک پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت وەریدەگرینەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا دوای لادانی پارێزگار و جێگرەکانی یەکێکیان پشکی پارتی بوو، ئەو پۆستەشمان وەرگرتەوە."

بڵند ئیبراھیم