Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە دوای ١٤ى تەمووزەوە عێراق بەرەو تاریکستانی ڕۆیشتووە

هەولێر-KDP.info-  ١٤ی تەمووز لە لاپەرە مێژوویییەکانی عێراقدا ڕۆژێکی دیارە. ئەوکات سیستمی پاشایەتیی عێراق گۆڕدرا بۆ کۆماری. مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، لە دوای ١٤ى تەمووزەوە خەڵکی عێراق وا تێدەگەیشتن کە گۆڕانگارییەکی سەرتاسەری ڕوو دەدات و شۆڕشێک دەکرێت و خەڵکی لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی دەڕۆن، بەڵام پێچەوانە بوو.

لە ڕۆژێکێ وەک ئەمڕۆدا، ٦١ ساڵ پێش ئێستا، ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨، سیستمی دەسەڵاتی سیاسیی عێراق لە پاشاییەتییەوە گۆڕا بۆ کۆماری. لەو بارەیەوە، د. خەلیل ئەترووشی، مامۆستای زانکۆی دهۆک دەڵێت: "هەندێک پێیان وابوو خەڵک لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هزرییەوە باش دەبن، بەڵام وا نەبوو، عێراق بەرەو داڕووخان ڕۆیشت و دەسەڵاتی یەک لە دووای یەک هاتن."

١٤ى تەمووز شۆڕش، یان کۆدەتا؟

پسپۆڕانی مێژوو کۆکن لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئەوەی لە عێراقدا ڕووی داوە شۆڕشە، یان کۆدەتایە؟ هەندێک پێیان وایە سیستمە کۆمارییە یەکێک لەدوایی یەکەکان جگە لە نەگبەتی، هیچ خێرێکیان بۆ عێراق نەهێناوە.

ئەترووشی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''١٤ی تەمووز بە چاوی ئەمڕۆ کۆدەتایە، چونکە عێراق لەو ڕۆژەوە و تا ئێستا هیچ خێرێک بەخۆیەوە نەدیووە. چونکە عێراق لە ڕۆژەوە لە هەموو ڕوووێکەوە زیاتر پاش کەوتووە."

لە لایەکی ترەوە هەندیك دەڵێن ١٤ تەمووز دەرگای خۆێنڕشتن و قەتڵ و کۆمەڵکووژیی بۆ هەزار گرووپ و لایەنی سیاسی و دەستی دەرەکیی وڵاتان کردەوە و عێراق بووەتە داردەست.  لە دوای ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ـەوە زیاتر لە نیوسەدەیە تا ئێستا عێراق خێری بە خۆیەوە نەدیوە و تا ئێستا کوشتن و ڕفاندن و جەنگ لەگەڵ وڵاتان و هاتنی دەسەڵاتە دژبەیەکەکان بەردەوامە."

هەندێک دەڵێن ئەوەی لەو ڕۆژەدا کراوە شۆڕش بووە و دەڵێن هەر چۆنێک بێت نەیانهێشت سیستمی پاشایەتی سەرهەڵ بدات و کۆتاییان پێی هێنا.

کەمال مەزهەر، مێژوونووس و بیرمەند و نووسەری دیاری عێراقی لەبارەی ١٤ تەمووزەوە دەڵێت: "خۆزگە بمانتوانیایە مێژوو بگەڕێنینەوە بۆ ١٣ی تەمووزی ١٩٥٨، واتە ئەگەر سیستمی پاشایەتی بمایە و فەیسەڵی دووەمیش لە مێژوودا بووایە، تەمەنی ٨٣ ساڵ دەبوو، یان ئەگەر کوڕێکی پاشای عێراق بووایە، ڕەنگە عێراق وڵاتێکی لانیکەم لە ڕووی سیاسییەوە وەک ئۆردن و لە ڕووی خۆشبژیوییەوە وەک یەکێک لە میرنشینەکانی خەلیج، یان لایەنی کەم وەک سەڵتەنەتی عوممان بووایە، بەڵام مێژوو ئەوەیە کە ڕووی داوە."

١٤ى تەمووز ڕۆژێکی شووم، یان ڕۆژێکی مزگینبەخش بوو بۆ کورد؟

لە بارەی ئەوەی کە لە دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماریدا کورد چۆن بووە؟ دەسەڵاتی سیاسیی پێش ١٤ی تەمووز و پاش ئەو ڕۆژە کورد چی بووە؟ ئەترووشی دەڵێت: "دوای ١٤ی تەممووز بۆ هەموو عێراقییەکان ڕۆژێکی ناخۆش بوو، بەتایبەت بۆ کورد."

ئەترووشی گوتیشی: "ڕاستە لە سەردەمی حوکمڕانیی پاشایەتیدا کورد پێشێل کرابوون، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی سیستمەکە، دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق زیاتر دژایەتیی کوردیان کردووە و عێراقیشیان کاول بکرد."

"ڕاستە دوای نەمانی سیستمی پاشایەتی لە عێراق کورد بۆ ماوەیەکی کورت توانی هەندێک مافی خۆی بەدەست بهێنێت، ئەویش  بۆ یەکەم جار کورد هاوشانی عەرەب بوونەتە هاوبەشی خاکی عێراق و بارزانی نەمر و بارزانییەکان گەڕێندرانەوە عێراق و پارتی بووەتە حزبێکی فەرمی لە عێراقدا و گرنگی بە پەروەردە و خوێندی کوردی درا، بەڵام ماوەکەی کاتی بوو، دواتر کەوتنە دژایەتیی کورد و هێرشیان کردە سەر کورد." ئەتروشی وای دەڵێت.

کــاروان بــاعەدری