Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دواقۆناغی جادەی ١٢٠ مەتری تەواو دەکرێت

 

ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری ھەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر گوتی، ئێستا کار لە دواقۆناغی جادەی ١٢٠ مەتری دەکرێت و کارکردن لە جادەی ١٥٠ مەتریش بەردەوامە و لە قۆناغی یەکەمدا ١٤ کم تەواو دەکرێت و کاری زۆر باشیشی لێ کراوە.

 

سەرتیپ قادر، سەرپەرشتیاری ھەردوو شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کارکردن لە شەقامی ١٢٠ مەتری بەردەوامە و ئێستا دواقۆناغی شەقامەکە دروست دەکرێت، کە تەنھا ٩ کم ماوە، ئەویش تا کۆتاییی ئەمساڵ تەواو دەکرێت و جادەکە ھەمووی بە ڕووی شوفێراندا دەکرێتەوە."

 

سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی لەسەر شەقامەکە و لە شوێنی سەوزاییی جادەی ١٢٠ مەتری بەنزیخانە دروست کراوە، قادر گوتی: "ئەو دەنگۆیەی بڵاو کراوەتەوە بە ھیچ شێوەیەک ڕاست نییە و ھیچ شوێنێکی شەقامەکە نەکراوەتە بەنزیخانە و ئەوەی بڵاو کراوەتەوە دەنگۆیە و ھیچ بنەمایەکی نییە."

 

باسی لەوەش کرد: " کاری دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریش بەردەوامە و لە یەکەم ھەنگاویشدا ١٤ کم دروست دەکرێت و تا ئێستاش کاری باشیان لەسەر ڕێگای بەحرکە-ھەولێر تاوەکو ھەولێر-کۆیە کردووە و جگە لەوەش، پردێک لەسەر ڕێگای ھەولێر بۆ شەقڵاوە دروست دەکرێت کە پردێکی زۆر گەورەیە و کاری باشیشی تێدا کراوە و بەردەوامیش دەبن تاوەکو کارەکان تەواو دەکرێت."

 

بڵند ئیبراھیم