Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەستەی مافی مرۆڤ: یۆنامی لە تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكان بەرپرسە

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی گشتیی مافی مرۆڤ، رەخنە لە ھەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەگرێت لەبارەی بێدەنگییان بەرامبەر بە تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكان و دەڵێ، مەبەستی سیاسی لە پشت كارەكانیانە و تا ئێستا یەك راپۆرتیان لەبارەی ھاوردەكردنی عەرەب و دەركردنی كورد لە ناوچەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەرنەكردووە.

زیا پترس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە دەستپێكی ئاڵۆزییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كە رووبەڕووی تەعریب و زوڵم و ستەم بوونەتەوە، بە فەرمی نەتەوە یەكگرتووەكانمان ئاگادار كردووەتەوە، چونكە ئێمە پێمان وایە یۆنامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی یەكەمی دەكەوێتە سەرشان لە تێكچوونی رەوشی ناوچە كوردستانییەكان و دەستپێكردنی پڕۆسەی تەعریب و دەركردنی خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانە".

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ گوتیشی: "ئێمە پرسیاری ئەوەمان بۆ دروست بووە، لە ھەر رووداوێكی زۆر بچووكیشدا لە بەغدا و لە كاتی پێكھێنانی كابینەی حكوومەتی عێراق، نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی نێردەی خۆیانەوە بۆ عێراق دێنە سەر هێڵ، بەڵام ئەو ھەموو تەعریبە ھەیە و خەڵكی لە ماڵەكانیان دەردەكرێن و دەغڵودانیان دەسووتێندرێت، خێرە یۆنامی بێدەنگە؟".

پترس روونیشی كردەوە: "بەداخەوە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكانیان لە عێراق بێدەنگن لە بەرامبەر بەرعەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكان و تەنانەت لە راپۆرتەكانیاندا ئاماژە بەو زۆڵم و ستەمەش ناكەن، ھەندێ رێكخراوی وەك ھیومان رایتس ۆوچ لەسەر یەك چەكداری داعش كە زیندانییە، دێتە دەنگ و راپۆرت لەسەر پێشمەرگە و عێراق بڵاو دەكاتەوە، بەڵام لە بەرچاوی ھیومان رایتس ۆوچ رۆژانە دەیان جار مافی خەڵكێك پێشێل دەكرێت و ماڵیان دەسووتێت، كەچی یەك راپۆرت بڵاو ناكاتەوە".

ناوبراو زیاتر گوتی: "ئەمنستی و ھیۆمان و ھەموو ئەو رێكخراوانە، بەشێكی كار و راپۆرتەكانیان سیاسییە و ساڵانە چەندین راپۆرت لەسەر ھەرێمی كوردستان بڵاو دەكەنەوە، كەچی ئامادە نین لەسەر مەزڵوومییەتی خەڵكێك قسە بكەن، لەبەر ئەوە گومانمان لەسەر ئەو رێكخراوانە ھەیە و مەبەستی سیاسی لە پشت كارەكانیانەوە ھەیە".

قائید میرۆ