Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تاڵەبانی: ئەوەی ئیدارەی كەركووك راست نییە.. ئەو خانووانە مۆڵەتی فەرمییان هەیە

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند، ئەو خانووانەی كورد كە ئیدارەی كەركووك بەنیازە بە پاساوی زێدەڕۆیی لەو شارە بیانڕووخێنێت، ھەموویان بە مۆڵەتی فەرمی و پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە دروست كراون، بۆیە ئەوەی ئیدارەی كەركووك دەیكات، بیانووە بۆ ئەوەی كورد لە شارەكە نەھێڵێت.

رێبوار تاڵەبانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو خانووانەی كورد كە ئیدارەی پارێزگای كەركووك ھەڕەشەی ئەوە دەكات كە دەیانڕووخێنێت، ھیچیان بە زێدەڕۆیی دروست نەكراون و كاتی خۆی بە فەرمی و بە مۆڵەت دروست كراون و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش لەخولی یەكەمدا پەسەندی كردووە، كە سێ شوێنی سەرەكی ھەیە، ئەوانیش فەیلەق و سەربازگەی خالید و بەرھەم خانن، بۆیە ئەوەی ئیدارەی پارێزگای كەركووك باس لەوە دەكات بە زێدەڕۆیی دروست كراون، راست نییە و مۆڵەتیان ھەیە".

تاڵەبانی گوتیشی: "خانوو بۆ كوردەكان لەو شوێنانە دروست كراون لەوێ نیشتەجێ دەبن تاوەكو حكوومەتی عێراق بەپێی ماددەی١٤٠ خانوویان لە شوێنی دیكە بۆ دروست دەكات، بۆیە ئەوەی ئیدارەی كەركووك دەیكات، بۆ ئەوەیە كورد لەو شارە نەمێنێت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، كاتی خۆی حكوومەتی عێراق جیددی نەبووە لە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠، ھەر بۆیە كێشەكان لەو ناوچانە بەردەوامن و یەكێك لە كارەكانی ماددەی ١٤٠نەھێشتنی ئاسەواری حیزبی بەعسە، كە ٣٥ ساڵ تەعریبی لەوناوچانە كردووە، بەڵام بەداخەوە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر جارێكی دیكە درێژە بە كارەكانی حیزبی بەعس بۆ تەعریبكردن دراوە و گۆڕانكاری لە دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەدا كراوە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕوونیشی كردەوە: "پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر، بە ھیچ شێوەیەك قبووڵمان نەدەكرد عەرەب ھاوردە بكرێت و كە ناسنامەی ساڵی ١٩٥٧ـیان نەبووایە، رێگرییان لێ دەكرا، بەڵام ئێستا ھەر عەرەبێك بیەوێت دەتوانێت بێتە كەركووك و ژماریەكی زۆری عەرەبیش ھاوردە كراون".

دەشڵێ: "ھەر كاتێك ئێمە بگەڕێینەوە بۆ شاری كەركووك، ھەموو ئەو بڕیارە نایاساییانەی ئیدارەی پارێزگای كەركووك ھەڵدەوەشێنینەوە".

 

بڵند ئیبراھیم