Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەر و مامۆستایان دەست پێدەكاتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان گوتی، ماوەیەكە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەر و مامۆستایان دەست پێبكاتەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی سەرقاڵی دانانی میكانیزمێكە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتەكان بۆ ئەوەی دەست بە پلەبەرزكردنەوە بكرێت، چونكە ھەندێك وردەكاری و زانیاری پێویستە.

عەبدولواحید محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران ماوەیەكە بڕیاری داوە كە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەر و مامۆستایان دەست پێبكاتەوە و فەرمانەكە رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە، ئێستاش وەزارەتی دارایی بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتەكان، سەرقاڵی دانانی میكانیزمێكن بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و ھەر كاتێك لەسەری گەیشتنە رێككەوتن، پلەبەركردنەوە دەست پێدەكاتەوە.

ناوبراو گوتیشی، ئەو كارە پێویستی بە ھەندێك كات ھەیە تاوەكو دەست پێبكاتەوە، چونكە ماوەی چوار ساڵە بە ھۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە و ژمارەیەكی زۆری مامۆستا و فەرمانبەر كاتی پلەبەرزكردنەوەیان ھاتووە، بۆیە وەزارەتی دارایی پێویستی بە زانیاری تەواو و پارەش ھەیە بۆ ئەوەی ئەو كارە ئەنجام بدات، بەڵام بەردەوام كاری تێدا دەكرێت و ھەر كاتێك تەواو بوو، پلە بەرزكردنەوە دەست پێدەكاتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم