Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كابینەی بەرەنگاری

ئاریان فەرەج

رەنگە باشترین ووشەیەك گوزارشت لە كابینەی هەشتەم بكات، (كابینەی بەرەنگاری) بێت. بەرەنگاریی قەیرانە زۆر و پێكەوە و تاقەتپڕوكێن و درێژخایەنه‌ سیاسی و سەربازی و ئابورییەكانی كە روویان لە كوردستان كرد. بەرەنگاریی سیاسەتی سەختی برسیكردن، بەرەنگاری پەلاماری دڕندانەی داعش بۆ سەر خاكی كوردستان، بەرەنگاری دابەزینی نرخی نەوت و كەسادی ئابوری و بێ بازاڕی، بەرەنگاریی لێشاوی ملیۆنی ئاوارە و پەناهەندان، بەرەنگاریی ئابڵوقە و سزای سەپێندراو و عوزلەتی دیبلۆماسی، بەرەنگاریی پیلان و هەڕەشە جدییەكانی سەر قەوارەی سیاسیی كوردستان و ئەگەری لەنێوبردن و مەترسییەكانی لێكترازاندن و دووكەرتی. بەرەنگاریی قەیرانە سیاسییە ناوەخت و ناموجەبەكانی نێوخۆ و لەنیوەرێدا بەجێهێشتن، بەرەنگاریی شەڕی سەختی دەرونی و هەوڵەكانی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵگەیی، بەرەنگاربونەوەی میدیای نامەسئول و دەمهەراش و هەوڵە چڕەكانی نەهێشتنی متمانەی نێوان خەڵك و دامەزراوەكانی حكومەت. بەرەنگاربونەوەی ئاسەوار و دەرهاویشتە و لێكەوتە جۆراوجۆرەكانی كۆی ئەم هەموو قەیران و تەنگانە و بارگرانییە. 

كابینەی هەشت كابینەی گرەو بوو لەگەڵ مێژوو، كابینەی كۆڵنەدان و شەڕی دەستەو یەخە و مان و نەمان بوو لەگەڵ ئەو هەموو مارەی لە ملی كوردستان ئاڵابوو، كابینەی گرەوی تێكشكاندن و بەزاندنی كۆی ئەو هەموو قەیرانە بوو، كابینەی تاقیكردنەوەی ئیرادەی نەبەزین و بەرگەگرتن و بەگژداچونەوە و سەنگەرچۆڵ نەكردن و كۆڵنەدان بوو، كابینەی گواستنەوە و گەیاندنەوەی كوردستان بوو بە سەلامەتی بۆ كەناری ئارامی و دووبارە هەستانەوە، دووبارە بوژانەوە، دووبارە سەرپێكەوتنەوە و درێژەپێدانی كاروان. 

گەورەترین و پڕماناترین وانەیەك كە كابینەی هەشت بۆ مێژووی كورد و كوردستانی تۆمار كرد ئەوە بوو: خەوبینین و خۆماندووكردن و پیلانگێڕان بۆ لەبەین بردنی ئەم قەوارە سیاسییەی كورد كە بە خوێن و خەباتی نەتەوەیەك بەدەست هاتووە، خەونی حوشترە. ئەم سەركەوتن و پیرۆزی و سەرفرازییەش وەك نیچیرڤان بارزانی گووتی: نەدەكرا و بەدەست نەده‌هات ئەگەر پشتیوانی و تێگەیشتن و خۆڕاگری و زەحمەتچەشتنی خەڵكی كوردستان نەبوایە، ئەو خەڵكەی شایستەی حكومەت و كابینەیەكی نوێی هەرچی زیاتر خزمەتگوزارتر و یاساسالارتر و رەشید و چاكسازترن.