Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی خەلیل: داعش لە مووسڵ دەستی بە جووڵە كردووە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ئاشكرای كرد، داعش سەرقاڵی كۆكردنەوەی خەڵكی خۆیەتی و شێوازی كاركردنیان گوڕیوە بۆ دروستكردنی گرووپی بچووك، بەڵام بە شێوەیەكی نھێنی دەستیان بەو كارە كردووە لەنێو مووسڵدا.

عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تیرۆریستانی داعش لە سنووری مووسڵ دەستیان بە جووڵە كردووە و ماوەی چەند رۆژێكە سەرقاڵی خۆكۆكردنەوە و رێكخستنن، ھەرچەندە لە ئێستادا لە ڕووی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستییەوە، داعش بێدەنگیی ھەڵبژاردووە لە مووسڵ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زانیاری ھەیە كە خەریكی خۆڕێكخستنەوە و كۆكردنەوەی چەكدارەكانیانن".

بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دەشڵێت: "داعش سەرقاڵی جێبەجێكردنی پیلانێكی دیكەیە، ئەویش دروستكردنی گرووپی چەكداریی بچووك و دابەشكردنیانە، ھەروەھا لەنێو خەڵك خەریكی كەسبكردنی ھاووڵاتیانن بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی گرووپی تیرۆریستیی داعش، ئەوەش بە نھێنی بەڕێوە دەچێت".

پەیوەست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی ئەو چەكدارانەی داعش، عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی دوێنی ھێزە عێراقییەكان دەستیان پێكردووە، سنووری پارێزگای نەینەوا ناگرێتەوە، ناشزانین پلانی ئەمنیی عێراق چییە بۆ كێوماڵكردنی سنووری مووسڵ لە تیرۆریستانی داعش".

 

قائید میرۆ