Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زێباری: پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی سەركەوتن"ـی عادل عەبدولمەهدی دەكەین

دهۆك-KDP.info- سوپاسالاری پێشووی عێراق رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكەی عادل عەبدولمەهدی دژی تیرۆریستانی داعش، هەنگاوێكی ئەرێنییە و پشتیوانی دەبین و بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەكیش دژی تیرۆریستان، ئامادەین.

ئەمڕۆ یەكشەممە ٧ی تەمموزی ٢٠١٩، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێكی بە ناوی "ئیرادەی سەركەوتن" لە نێوان سێ پارێزگا، لە دژی تیرۆریستانی داعش راگەیاند.

پەیوەست بەو بابەتە، بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق و یەكێك لە فەرماندە دیارەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە هەر لە سەرەتاوە گوتوومانە داعش لە خۆڕێكخستنەوەدایە و دەبێت بە توندی ڕووبەڕووی ببینەوە، چونكە خۆڕێكخستنەوەیان دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی عێراق".

زێباری گوتیشی: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە لایەن عادل عەبدولمەهدییەوە راگەیەنراوە، هەنگاوێكی زۆر باشە و پشتیوانی دەبین، چونكە دەزانین داعش لە چەندین شوێنی جیاجیا و بیابانەكانی عێراق لە خۆڕێكخستنەوەدا بوو، بەڵام بەر لەوەی لە دایك ببێتەوە، پێویستە لەناو ببرێت".

ئۆپەراسیۆنەكە، كە ئامانج لێی لەناوبردنی پاشماوەكانی داعشە، چەند رۆژێك دەخایەنێ و بە پاڵپشتیی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.

 

كــاروان بــاعەدری