Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەڵکی مەدەنی و هێزی پێشمەرگەش دەتوانن لە زانکۆی سەربازیی زاخۆ ناویان تۆمار بکەن

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ناونووسین دەستی پێ کردووە بۆ وەرگرتنی خەڵکی مەدەنی و ھێزی پێشمەرگە لە کۆلیژی سەربازیی زاخۆ کە ماوەی دوو ساڵە و دەرچووانی ئەو کۆلیژە ڕاستەوخۆ لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا دەبنە ملازم و بۆ ھێزی پێشمەرگە کۆمەڵێک ئاسانکاری کراوە و ناونووسینیش تا پێش کۆتاییی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

 

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیوا بەکر فەقێ ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ناونووسین بۆ وەرگرتن لە کۆلیژی سەربازیی زاخۆ دەستی پێ کردووە و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت و دەرچووانی ئەو زانکۆیەش پلەی ملازمیان پێ دەدرێت و ھێزی پێشمەرگەش مافی ئەوەی ھەیە خۆی ناونووس بکات و لەو زانکۆیە وەربگیرێت و ئاسانکاریی زۆریان بۆ کراوە، کە ئەوانەی مەدەنین پێویستە دەرچووی زانکۆ بن و تەمەنیشیان دیاری کراوە، بەڵام بۆ ھێزی پێشمەرگە ئەگەر دەرچووی پەیمانگاش بێت و تەمەنیشی گەورە بێت دەتوانیت لەو کۆلیژنە ناوی تۆمار بکات و ماوەی دوو ساڵ دەوام بکات، دەبێتە ملازم لە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەدا."

لیوا بەکر فەقێ گوتیشی: "پێویستە ئەوانەی مەدەنین لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ بۆ سەرەوە بن و دەرچووی زانکۆش بن و لە لیژنەی پشکنین دەربچن و نەشتەرگەرییان بۆ نەکرابێت و ھیچ تاوانێکیشیان نەکردبێت، بەڵام بۆ پێشمەرگە ئەو مەرجانەی نییە و ئاسانکاریی زۆریان بۆ کراوە، بۆ ئەوەی بچن لەو کۆلێژە ناویان تۆمار بکەن و ئەو پلەیە وەربگرن."

 

فەقێ باسی لەوەش کرد: "لە ١تا ٨ی ئەم مانگە بۆ پارێزگای دھۆکە، لە ٨ بۆ ١٢ی مانگ بۆ ھەولێرە، لە ١٣ بۆ ٢٠ی مانگ بۆ سلێمانییە و لە ٢٠ بۆ ٢٦ مانگیش بۆ پارێزگای کەرکووکە. ئەوانەی دەیانەوێت ناویان تۆمار بکەن بۆ ورگیران لەو کۆلیژە سەربازییە، لەو ڕۆژانەدا دەتوانن ناویان تۆمار بکەن."

 

بڵند ئیبراھیم