عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی
سه‌رباری هه‌موو ئه‌و داواكارییانەی خه‌ڵكی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ساڵانی ڕابردوودا له چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌یكەن كه كێشه بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست نه‌كه‌ن، به‌ڵام عینادی سیاسی و گوماناویی سه‌رانی په‌كه‌كه به‌رده‌وامه و هه‌موو ساڵێك، لە تەوقیتی جۆراوجۆردا وه‌زعه‌كه ده‌گه‌یه‌ننه لێواری ته‌قینه‌وه و دەبنە هۆی له‌شكركێشی سوپای توركیا و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێم. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك ئیعتیبار، خۆیان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌عه‌ددا و كه‌ڵه‌گایی په‌كه‌كه پاراستووه، كه‌چی له جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رانی په‌كه‌كه، ڕێزێك له‌و خۆپاراستنه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بگرن و به‌هۆش خۆیان بێنه‌وه و موراجه‌عه‌ی سیاسه‌ت و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان بكه‌نه‌وه، زیاتر پێ ڕاده‌كێشن بۆ خۆفەرزكردن و كەڵەگایی و هیچ ڕێزی خەڵكی هەرێم ناگرن.
جگە لەوە هێشتا خۆیان و ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌وان بیرده‌كه‌نه‌وه، موزایه‌ده‌ش به‌سه‌ر پارتی و دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ته‌وه ده‌كه‌ن كه گوایه له ئاست له‌شكركێشی توركیا، بێده‌نگن. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی و هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، پەیوەندی بەو شه‌ڕه نه‌خوازراوه نییە كه بوونی په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان خوڵقاندوویه‌تی. سەبەبی سەرەكیی شەڕ و بوردومان و شەهیدبوونی هاووڵاتیانی سڤیل بوونی پەكەكەیە لەو ناوچانە و پەكەكە نەبێت هیچ سوپایەك جورئەت بە خۆی نادات بێتە ناو خاكی هەرێم. هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام ڕایگه‌یاندووه كه بێ چه‌ندوچوون، دژی شه‌ڕه. بەڵام وا دیاره سه‌رانی په‌كه‌كه، مەبەستیانە سه‌قامگیریی و ژیانی كوردستان تێكبده‌ن و له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌م و ئه‌و ئه‌وراق تێكه‌ڵ بكه‌ن.
به‌درێژایی مێژووی درووستبوونی په‌كه‌كه، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ندێك له حزبه‌كانی هاوكاریی زۆری ئینسانی و سیاسی په‌كه‌كه‌یان كردووه. بەڵام پەكەكە تەكوینەیەكی بێ ئەمەك و بێ مۆڕاڵە و هیچ چاكەی خەڵكی كوردستانیان لەبیر نیە و لەبەرانبەر ئەو چاكەیەدا خۆیان بە حاكم دەزانن و سەدان گوندی هەرێمیان داگیر كردووە و نەیانهێشتووە خەڵك لە زێدی بابوباپیرانی خۆی بژیێت.
با پەكەكە و هاوبیرانی وەڵام بدەنەوە كە خۆیان لەبەر سوپای تورك هەڵدێن و زەوییان بۆ چۆڵ دەكەن بۆ باسی بێدەنگیی حكوومەتی هەرێم دەكەن؟ موزایه‌ده‌ی شه‌ڕ و موقاوه‌مه‌ت به‌سه‌ر كێدا ده‌كه‌ن؟ ئەگەر ڕاست دەكەن ئەوە كەس ڕێگەی لێ نەگرتوون و بڕۆن ڕێگە لە سوپاى تورك بگرن. خۆ هێشتا ساڵێك و چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی عه‌فریندا تێپه‌ڕیووه، هه‌موو خه‌ڵكیش موزایه‌ده‌كانی سه‌روه‌ختی عه‌فرینیان له‌بیره، كێ ده‌ستی گرتبوون؟ بۆ نەچوون لە عەفرین شەڕی توركەكان بكەن؟ پارتی و حكوومەتی هەرێم ئەهلی موزایەدە نین، هه‌موو كوردستانیش شایه‌تی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانن كه بە سەربەرزی چوون و كۆبانێیان له كه‌وتن پاراست.
ئێستایش خه‌ڵكی كوردستان هه‌قیانه لە پەكەكە و موزایەدەچییەكان بپرسن، به‌ڕاست چیتان بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كردووه كه به‌ناوی ئه‌وانه‌وه ماف به‌خۆتان ده‌ده‌ن ده‌خاڵه‌ت له هه‌موو بستێكی كوردستاندا بكه‌ن؟ ئێوه‌یه‌ك كه تا ئه‌م ساته، له ساحه‌ی خه‌باتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆتان نه‌تانتوانیووه، ته‌نیا گوندێك ڕزگاربكه‌ن و ڕۆژانە لە هەڵات هەڵات دان، موزایه‌ده‌ی چی به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌كه‌ن ؟
ئێستاش، سەرانی پەكەكە و موزایەدەچییەكان، ده‌بێت چاوێك به سیاسه‌ت و ڕفتاره‌كانی خۆیاندا به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان بگێڕنه‌وه و هه‌موو ڕۆژێك نه‌بنه مایه‌ی شه‌ڕ و كێشه و كاولكاری و بیرێكی جیددی له بوونی ناشه‌رعی خۆیان له خاكی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌نه‌وه؛ خۆ ئه‌گه‌ر په‌نابه‌ر و میوانن، ئه‌وه په‌نابه‌ریی و میوانداریی، دابونه‌ریت و یاساوڕێسای خۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رده‌وامیشن له‌سه‌ر خۆسه‌پێنی و ملهوڕیی و گوێنه‌دان به یاساوڕێساكان، ده‌بێت چاك بزانن، خه‌ڵكی كوردستان، سنوور بۆ كاری تێكدەرانەیان دادەنێ.