Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قوتابییانی کورد لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا کەلتووری کوردیان ناساند

هەولێر-KDP.info- لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە زانکۆی زانستە مرۆڤایەتییەکان و کۆمەڵناسیی SWPS، کە یەکێکە لە کۆنترین و بەناوبانگترین زانکۆ تایبەتەکانی وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا، ”فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کەلتووری زانکۆ" بەڕێوە چوو. ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە فیستیڤاڵە ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبارە بۆ لێکتێگەیشتنی قوتابییانی بیانی لە وڵاتانی جیهان و ناساندنی کەلتووری جیاوازە بە یەکتری.

قوتابییانی کورد لە زانکۆی SWPS لەو فیستیڤاڵەدا بەشدار بوون و ستادێکی تایبەت بە کوردستانیان بە مەبەستی پێشاندانی جلوبەرگی کوردی، خواردنی کوردەواری، چەند وێنەیەکی کوردستان و چەند پەرتووکێک دەربارەی کورد و کوردستان دانا. لە بەشێکی فیستیڤاڵەکەدا قوتابییە کوردەکان بە پێشاندانی شایی و هەڵپەڕکێی کوردی جۆشوخرۆشیان بە فیستیڤاڵەکە بەخشی و سەرنجی ئامادەبووانیان بە لای خۆیاندا ڕاکێشا.

نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵونیا لەگەڵ قوتابییانی کورد لە ڕێکخستنی ستادی کوردیدا بەشدار بوو، هەروەها پشتگیریی تەواوی قوتابییەکانیان کرد، وەکو پێشکەشکردنی جلوبەرگی کوردی، پەرتووک، نەخشەی کوردستان و وێنەکانی کوردستان. دووای تەواوبوونی فیستیڤاڵەکەش، قوتابییانی بەشدار لە فیستیڤاڵەکەدا لە تۆڕی کومەڵایەتیی فەیسبووک سوپاسی خۆیان بۆ سەرجەم هەماهەنگییەکانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دووپات کردەوە.

نوێنەرایەتیی ‌‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دەستخۆشیی لەو قوتابییانە کرد و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن و ئامادەییی تەواوی خۆیانی نیشان دا بۆ هەر هەماهەنگییەک کە خزمەت بە ناساندنی کەلتوور و شوناسی کوردی لە پۆڵۆنیا بکات.