Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە ھەرێمی کوردستان ٧٠٠ ھەزار کەس پێوەری ئاویان داناوە"

 

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرای کرد، کێشەی ھاتنەوەی پارەیەکی زۆر بۆ ھەندێ بەشداربووی ئاو چارەسەر دەکرێت و دەشڵێت، لەمەودووا ڕێگەی بەفیڕۆدانی ئاو نادەن و پێویستە ھاووڵاتییان وەک وڵاتانی پێشکەوتوو دەست بە ئاوی خورادنەوەوە بگرن.

 

مەسعوود محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی دانانی پێوەری ئاوی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا حەوتسەدھەزار کەس بەشدارییان کردووە و پێوەری ئاویان داناوە، پێوەرەکە بێبەرامبەر دەدرێت بە ھاووڵاتیان و لە لایەن سێ کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت، مەبەست لە دانانی پێوەرەکەش تەنیا بۆ ئەوەیە ھاووڵاتییان دەست بە ئاوەوە بگرن و ئاوی زیاد خەرج نەکرێت، چونکە لە ھەرێمی کوردستان ئێمە کێشەی کەمیی ئاومان نییە، بەڵکۆ ھەندێ ھاووڵاتی ئاوێکی زۆری خواردنەوە بەکار دێنن کە لە ھەموو ستاندەردە جیھانییەکان دەرباز بووە."

 

لەبارەی ھاتنەوەی کرێیەکی زۆری ئاو بۆ ھەندێ بەشداربوو بەڕێوەبەری گشتیی ئاو دەڵێت: "پارەی زۆر نەگەڕاوەتەوە، ئەوەی لە ھەندێ شوێن ڕووی داوە ھەڵەیەکی خوێندنەوەی پێوەرەکانە و چارەسەر دەکرێت، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی ٧٠٠ ھەزار پێوەر بێکێشە نابێت، بەڵام ھاووڵاتی ھەیە ئاوێکی زۆری بەکار ھێناوە و پارەیەکی زۆریشی بۆ گەڕاوەتەوە، ئەوە جیاوازە و پێویستە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان کرێی ئاو ڕادەستی حکوومەت بکات."

 

مەسعوود محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە خەڵکێک ھەیە دەست بە ئاوی پاکەوە ناگرن، ئەوەش وای کردووە ھەندێ جار ببێتە ھۆی کەمبوونەوەی ئاو، چونکە ئەو ئاوەی بۆ خواردنەوە دابین دەکرێت بە پارەیەکی زۆر لەسەر حکوومەت دەکەوێت و تەنیا بۆ مەبەستی خواردنەوە بەکار دێت وەک لە ھەموو وڵاتانیش وایە، بەڵام ھاووڵاتی ھەیە ڕەز و باغی لەسەر ئاوی خواردنەوە داناوە و چەندین ھاووڵاتی بە ئاوی ماڵان مەلەوانگەیان داناوە، ئەوەش ناکرێت لەسەر حیسابی خەڵک بێت."

 

قائید میرۆ