Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی و شاندێکی یەكێتیی ژووری بازرگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا کۆبوونەوە

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ سێشەمە ٢٥/٦/٢٠١٩ مەسرور بارزانی راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی فراوانی یەكێتیی ژووری بازرگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە سەرۆکایەتی ستیڤ لوتەس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

مەسروور بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی ئەم شاندە فراوانەی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا دەربڕی و بە ئاماژەیەکی گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوولای هەژمار کرد. راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر زەمینەی لەباری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە بەرنامەیەکی سەرەکیی کابینەی داهاتووی هەرێم، ڕاکێشانی هەرچی زیاتری وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و بێگومان کۆمپانیاکانی ئەمەریکاش دەتوانن سوود لەو هەلومەرجە ئابوورییەی ناو هەرێم وەرگرن. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە سەرەتای هەنگاوی کردەیی کابینەی داهاتوو دەبێت بۆ ئەوەی ئابووری کوردستان فرەسەرچاوە بێت و تەنیا پشت بە کەرتی نەوت نەبەسترێت.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی شاندەکە، وێڕای ئومێدی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کابینەی داهاتووی هەرێم، جەختیان لە سەر نیازی یەکێتی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کرد لە هاندانی کۆمپانیاکانیان بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا. لە میانەی گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە بوارە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەت لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم  و وەبەرهێنان لە کەرتەکانی تەندروستی و تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و پێشخستنی سیستەمی دارایی و کەرتی پەروەردە لە هەرێم.