Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"سبەی پارتی لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە کۆ دەبێتەوە"

 

هەولێر-KDP.info-  بڕیارە حەفتی دابێ پەرلەمانی عێراق ھەمواری پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بخاتە دەنگدانەوە و بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتییش دەڵێ، چوارشەممە (١٩-٦-٢٠١٩) پارتی لەسەر ئەو بابەتە کۆ دەبێتەوە. دەشڵێ، پێداگیری لەسەر ھەڵوێستی پارتی دەکەن بۆ ئەوەی کۆرسییەکی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی لە بەغدا زیاد بکرێت.

 

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە کۆ بوونەتەوە و پێشنیار کراوە وادەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دووا بخرێت بۆ مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو، ئەوە پێشنیاری کۆمسیۆنە و بڕیاری کۆتایی بۆ پەرلەمان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵە."

 

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: "بڕیارە حەفتەی دابێ بەر لە پشووی پەرلەمان یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق پەسەند بکرێت، ئێمە سبەی وەک پارتی لە دەزگای ھەڵبژاردن و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و لیژنەی یاسایی کۆ دەبینەوە، لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پارتی ھەڵوێستی خۆی دیار دەکات."

 

خەسرۆ گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەوەی بۆ ئێمە، وەک پارتی، گرینگە لەنێو ھەمواری یاساکەدا جێگیر بکرێت چونیەتیی دابەشکردنی کۆرسییەکانە، کە بە چ ئالیەتێک دەبێت، ھەروەھا ھەوڵمان داوە کۆرسییەکی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی لە پارێزگای بەغدا زیاد بکرێت، پێشتریش کۆرسییەکمان بۆ کوردانی فەیلی لە پارێزگای واست جێگیر کردووە تا ببێتە نوێنەری کوردانی ناوچەی بەدرە و جەسان، پێویستە کۆرسییەکی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی لە بەغداش ھەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کوردی فەیلی لە بەغدا نیشتەجێن."

 

قائید میرۆ