Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێنجەمین بەنداوی گەورەی ھەرێمی کوردستان تەواو دەبێـت

 

دەربەندیخان-KDP.info- کارەکانی تایبەت بە تەواوکردنی پێنجەمین گەورەبەنداوی ھەرێمی کوردستان دەستیان پێ کردەوە و لە کۆتاییی مانگی ١١ـدا تەواو دەبێت. بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بەنداوی دێوانە ٢٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە.

بەنداوی دێوانە دەکەوێتە سنووری دەربەندیخان و ساڵی ٢٠١١ دەست بە کارەکانی کرا، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایییەوە پرۆژەکە ڕاگیرا.

ئەکرەم ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەنداوی دێوانە لە دووای بەنداوی دووکان، دەربەندیخان، دھۆک و ئاوەسپی، پێنجەم گەورەترین بەنداوە لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا کارەکانی بەباشی بڕوات پێشەوە، تا کۆتاییی مانگی ١١ تەواو دەبێت و دەبێتە پێنجەمین بەنداو لە ڕووی گلدانەوەی ئاوەوە لە ھەرێمی کوردستان."

بە گوتەی ئەکرەم ئەحمەد، ڕووباری دێوانە کە سەدەکەی لەسەر دروست کراوە، سەدا ٨ی داھاتی ئاوی سیروان پێک دێنێت. ھەروەھا بەباشی کار لە پرۆژەکەدا دەکرێت و بە تەواوبوونی دەتوانێت ٢٢ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بداتەوە،

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو بەنداوە سوودێکی زۆری بۆ خەڵکی دەربەندیخان و دەوروبەی دەبێت، ھەروەھا بۆ سامانی گشتی و ژینگەی ئەو ناوچەیە و جووتیارانیش بەسوودە.

ھەڵکەوت محەمەد