Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پێویستە لە پێكهێنانی حكوومەتدا پەلە بكرێت"

 

هەولێر-KDP.info- چاودێران و پەرلەمانتارانی كوردستان بە گرنگی دەزانن كە حزبەكان پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كار بكەن بۆ ئەوەی حكوومەت زووتر لە ماوەی دیاریكراوی خۆی پێك بهێندرێت.

 

ئەمڕۆ (١٧-٦-٢٠١٩) شاندی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ بووەوە. عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێشتر حزبەكان لەسەر بنەما سەرەكییەكانی حكوومەت ڕێك كەوتوون و واژۆش كراوە كە بەشی هەر لایەنێك لە كابینەی حكوومەتدا چەند و چۆن بێت، بۆیە سەردانی ئەم شاندە، تەواوكەری ئەو ڕێككەوتنانەی پێشووە".

 

بەرواری گوتیشی: "خەڵكی كوردستان لە دوواكەوتنی حكوومەت نیگەرانن، بۆیە دەبێ ئومێد بۆ خەڵك بگەڕێتەوە و هیوادارم پەیامی كاك مەسروور بۆ ئەو لایەنانە ئەوە بێت، كە حەوت مانگ لەسەر پێداگریی حزبی، پێكهێنانی حكوومەت دووا كەوت، لەبەر ئەوە ناكرێت لەمە زیاتر حكوومەت دووا بكەوێت".

 

هاوكات بەختیار حەیدەر، سەرۆكی فەرمانگەی یاساییی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەردانی شاندی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت بۆ لای لایەنەكان زۆر گرنگە، چونكە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت زۆر دووا كەوت، دووای هەموو ئەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ حزبەكان كران، ئێستا قۆناغی كرداری بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەستی پێ كردووە ".

 

بەختیار حەیدەر گوتی: "پێویستە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت پەلەیان لێ بكرێت، چونكە كاتی كەم لە بەردەمدا ماوە و پشووی پەرلەمانیش نزیك بووەتەوە و ناكرێت لەوە زیاتر پێكهێنانی حكوومەت دووا بكەوێت".

 

بەختیار حەیدەر دەشڵێ: "پێش 1\7 دەبێ پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت یەكلا ببێتەوە و لایەنەكانیش سیڤیی وەزیرەكان پێشكەش بكەن."

 

هەر لەو بارەیەوە، بەهمەن كاكە عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "چوونی ئەو شاندە لەم كاتەدا، ئومێدبەخشە و ئێستاش دەستپێكی دانوستان و وەرگرتنی سیڤییەكانە و پێویستە گرفت دروست نەكرێت، ئێمەش ئومێدمان هەیە زووتر لە ماوەی دیاریكراوی خۆی حكوومەت پێك بێت و ناشكرێت لەمە زیاتر دووا بكەوێت، چونكە خەڵكیش قبووڵ ناكات".

 

بەهمەن كاكە عەبدوڵڵا ڕایشیگەیاند: "ئومێدێكی گەورە بە شاندی ڕاسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت هەیە و چاوەڕوانی ناوی وەزیرەكانیش دەكرێت بگەنە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەریان."

 

كارزان هەورامی