Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە خەبات پڕۆژەیەك بە گوژمەی 500 ملیۆن دینار دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە

 

هەولێر -KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی خەبات ڕایگەیاند، لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كارەكانی پڕۆژەی جوانكاریی دووسایدی شارۆچكەكە و ڕێگاوبانە ناوخۆییەكان دەستیان پێ كردووەتەوە، كە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە كارەکانیان وەستابوو.

هێمن قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە لە چوارچێوەی نۆژەنكردنەوەی شەقامە سەرەكییەكانی نێوان شارەكانی كوردستاندا، شەقامی سەرەكیی هەولێر – خەباتیش نۆژەن بكرێتەوە و، ئێستا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاودانكردنەوەی هەولێرەوە، چاككردنەوەی جووتسایدی هەولێر بۆ خەبات بەردەوامە."

قایمقامی خەبات ئاشكرایشی كرد: "ئێستا بە گوژمەی 500 ملیۆن دینار پڕۆژەی جوانكاریی دووسایدی خەبات لە دەروازە سەرەكییەكانی شارۆچكەكەوە دەستی پێ كردووەتەوە و بەڵێندەرەكان بەردەوامن لە كاركردن، كە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە كارەکانیان وەستابوو."

لەبارەی پڕۆژەی دیكەی شارۆچكەكەوە، هێمن قادر ئاماژەی دا: "پێشتر لەسەر داهاتی شارەوانی و فەرمانگەكان هەندێ پڕۆژەی پێویست بە بەردەوامی جێبەجێ كراون، ئێستاش بەگوێرەی پێویست و هەبوونی بودجە، ئەم جۆرە پڕۆژانە بەردەوام كاریان تێدا دەكرێت."

هێدی كاكەیی