Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەردی: یاسایەك نییە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی نەوت و گاز.. سكاڵا ئەنجامێكی نابێت

هەولێر-KDP.info- یەكێك لەو پرسانەی تا ئێستا لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا چارە نەكراوە، پرسی نەوت و گازە، ئەندامێكی پێشووی لیژنەی نەوت و گازیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، سەرۆكوەزیرانی عێراق نیەتی چارەكردنی ئەو پرسەی ھەیە و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەغدا لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، نەیویست ئەو وڵاتە ببێتە خاوەن یاسایەكی یەكگرتووی نەوت و گاز.

دكتۆر تاریق گەردی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كێشەی نەوت و گاز، یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، ھەتا لە كاتی داڕشتنی دەستووردا كێشمەكێشی زۆری لەسەر دروست بوو و لەنێو دەستووردا لە ماددەكانی ١١١ و ١١٢ ئاماژە بە بابەتی نەوت و گاز كراوە، كە ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ پێكەوە بەشدار بن لە پەرەپێدان و بەھێزكردنی سیاسیەتی نەوت و پەرەپێدانی بیرە نەوتەكانی ئێستا و داھاتوو، لە خولەكانی رابردووی پەرلەمانی عێراق چەندین جار نوێنەرانی كورد یاداشتیان پێشكەش كردووە بۆ دەركردنی یاسای یەكگرتووی نەوت و گاز لە عێراق لە ژێر رۆشنایی ھەردوو ماددەی دەستووریی تایبەت بە پرسی نەوت".

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق دەشڵێت: "بەداخەوە ھەموو كاتێك كە حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاساكەی ھێناوەتە پەرلەمان، كەموكوڕیی زۆری تێدا ھەبووە، زیاتر دەیانویست بە مەركەزیەت ئەو بابەتە یەكلا بكرێتەوە، ھۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەغدا مەترسیی ئەوەی ھەیە ھەرێمی كوردستان شێوەیەك لە سەربەخۆیی وەربگرێت لە كەرتی نەوتدا، ھەروەھا ھەرێمەكانی دیكەی لە عێراق دروست دەبن وەك بەسڕا، لەبەر ئەوەش نەیوێران ئەو یاسایەی نەوت و گاز دەربكرێت، پێموایە بە ئاسانی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ئامادە ناكرێت، تا ئەوكاتەی عێراق یاسایەكی یەكگرتووی لە بواری نەوتدا نەبێت، كێشەكان چارەسەر ناكرێن".

گەردی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەوەی لە ھەرێمی كوردستان دەگوزەرێت لەبارەی دەرھێنان و بە بازاڕكردنی نەوتەوە، ھەمووی دەچێتە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازی پەرلەمانی كوردستان، چونكە ئێمە لە عێراق یاسایەكمان نییە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە، ئەوەیشی لێرە و لەوێ دەگوترێت سكاڵا تۆمار كراوە لەسەر پرسی نەوتی ھەرێمی كوردستان لە دادگای فیدڕاڵی، ھیچ ئەنجامێكی نابێت، چونكە ھیچ یاسایەك نییە تا دادگا بڕیاری لەسەر بدات".

پەیوەیست بە ھاتنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان و نیەتی عادل عەبدولمەھدی بۆ چارەسەركردنی پرسی نەوت و گاز، دكتۆر تاریق گەردی دەڵێت: "سەرۆكوەزیرانی عێراق كەسێكی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرە و كوردی خۆش دەوێ و شانبەشانی كورد خەباتی كردووە بۆ لەناوچوونی رژێمی بەعس، پێشتر كورد ئەزموونی ھەبووە لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی و سەردەمانێك لە ھێزی بەدر و دواتر وەزیری نەوت و جێگری سەرۆكوەزیران بووە، كە ھەموو ھەنگاوەكانیشی بەرەو ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، كاتێك عادل عەبدولمەھدی وەزیری نەوت بوو، دەھاتە لیژنەی نەوت و غاز و ھەموو پرسێكی بە شەفافی باس دەكرد و رۆڵی ھەبوو لە رێككەوتنی ساڵی ٢٠١٦ی نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ پرسی نەوت".

دكتۆر تاریق گەردی روونیشی كردەوە: "عادل عەبدولمەھدی بەنیازە لەم خولەی سەرۆكوەزیرانیدا ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، بەڵام ئایا ئەو كوتلە شۆڤێنییانەی ھەن لە عێراقدا تا چەند رێگەی پێدەدەن بۆ چارەسەركردن، ئەوەش دەمێنێتەوە سەر دەسەڵاتی سەرۆكوەزیران، بەڵام وەك كەسایەتی سەرۆكوەزیران دەیەوێ ھەموو بۆچوونەكان كۆ بكاتەوە لەبارەی كەرتی نەوت و بەپێی دەستوور یەكلایی بكاتەوە".

 

قائید میرۆ