Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی بە شاندێكی نوێوە لە سلێمانییە

سلێمانی-KDP.info- سەرچاوەیەك لە شاندی ڕاسپێردراوی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگه‌یاند، ئەمڕۆ لە سلێمانی سەردانی یەكێتی و گۆڕان و سۆشیالیست دەكەین بۆ پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە وادەی دیاریكراودا.

سەرچاوەیەك لە شاندی باڵای ڕاسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شاندی ڕاسپێردراوی پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆشیالیست كۆدەبێتەوە، لە ڕۆژانی ئایندەشدا لەگەڵ پێكھاتەكانی مەسیحی و توركمان كۆدەبێتەوە بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت."

سەرچاوەكەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "شاندەكە، پێك ھاتووە لە مەسروور بارزانی، دڵشاد شەھاب، ھێمن ھەورامی، ئومێد خۆشناو، شه‌عبان شه‌عبان چالی و فرسەت سۆفی، سەردانەكەش بۆ ئەوەیە كە لایەنە بەشدارەكان ناوی بەربژێرەكانیان بۆ كابینەی نوێ پێشكەش بكەن، تا لە وادەی یاسایی خۆیدا، كە مانگێك لە بەردەم مەسروور بارزانیدا ھەیە، كابینەی نوێی حكوومەت پێك بھێندرێت."

 

فایزە كۆیی