Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی رەزامەندی لەسەر دابینكردنی گازوایل بۆ وێستگەیەكی دهۆك دەربڕیوە

 
دهۆك-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانی سرووشتی و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، سەرۆكی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتا رۆژەكانی كاری خۆیدا رەزامەندی لەسەر دابینكردنی گازوایل بۆ وێستگەیەكی دهۆك دەربڕیوە، كە رێژەی كارەبای نیشتیمانی بەرز دەكاتەوە.
 
گولیزار سندی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە مانگی 2ی 2019ـدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی پێشووی حكوومەت، رەزامەندی نیشان داوە بە خەرجكردنی 15 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی هێڵی 132 مێگاواتیی دهۆك، كە كارەبا لە هەولێرەوە دەبات بۆ دهۆك وەك پلانی درێژخایەن بۆ چارەسەری پرسی كارەبا لە دهۆك.
 
سندی گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە چارەسەری درێژخایەنە و چوار تا پێنج مانگ دەخایەنێت، بەڵام دهۆك گرفتی هەنووكەیی كارەبای هەیە، كە كارەبای نیشتیمانی كەمە و بەو هۆیەشەوە كارەبای مۆلیدەی ئەهلی زیاتر بووە و ئەوەش بارگرانی لەسەر خەڵك دروست كردووە، چونكە ئەمپێری بووە بە 7 هەزار دینار، لە كاتێكدا لە هەولێر و سلێمانی بۆ هەر ئەمپێرێك 3 تا 4 هەزارە، ئەوەش نایەكسانییە، هێڵی گواستنەوەی كارەش بۆ هەولێر گرفتی نییە، بەس بۆ دهۆك گرفتی هەیە و هێڵەكان لاوازن، كاتی خۆیشی هەوڵ هەبوو چاك بكرێت، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە دەستی لێ هەڵگیرا".
 
ناوبراو ئەوەشی خستە روو، كە وێستگەی (كاشێ) رۆژانە پێویستی بە 863 هەزار لیتر گازوایل هەیە تا یەكەیەكی دیكە كارا بكرێت، بۆیە ئەگەر ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت، رێژەی كارەبا زیاد دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 11\6\2019 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رەزامەندی نیشان داوە لەسەر دابینكردنی 1.2 ملیۆن لیتر گازوایل بۆ وێستگەی كاشێ و بەم هۆیەشەوە 150 مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت، كە پێشووتر 50 مێگاوات بووە، بەو هۆیەشەوە دوو كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی لە دهۆك زیاد دەبێت، كە دوو تا سێ رۆژی دیكە فەرمانەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لەو بارەیەوە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز رەزامەندییان لەسەر داوە، كە 1.2ملیۆن لیتر گازوایل بۆ ئەو وێستگەیە دابین بكرێت.
 
كارزان هه‌ورامی