Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەت: ھەر پێشمەرگە و ئەفسەرێك كاتی بەرزكردنەوەی پلەی ھاتبێت بۆی پەسەند دەكرێت

هەولێر-KDP.info- پلەی ھەزاران پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەرز دەكرێتەوە و بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لیستێك گەڕاوەتەوە و لیستێكی دیكەش لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەپێی یاسا ھەر پێشمەرگە و ئەفسەرێك كاتی بەرزكردنەوەی پلەی ھاتبێت، بۆی پەسەند دەكرێت.

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و ھۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای دەستپێكردنی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، پلەبەرزكردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە راگیرابوو، بەڵام ئێستا دەستی پێكردووتەوە و بەپێی خشتەی تەرفیعات پلەی پێشمەرگە و ئەفسەران بەرز دەكرێتەوە، بەڵام ئەو ئەفسەرانەی پلەیان لە رائید بەرە و سەرووترە، ئەگەر پایەی لەنێو پێشمەرگەدا نەبێت، ئەستەمە پلەكەی بەرز بكرێتەوە، چونكە ئەوانەی پلەیان بەرز دەكرێتەوە، پێویستە بەرزكردنەوەی پلەكەیان لەگەڵ شوێن و پایەیان بگونجێت".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "ژمارەی ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی پلەیان بەرز دەبێتەوە، بە ھەزاران كەس دەبن، لە ھەردوو لیستی ساڵانی ٢٠١٦و ٢٠١٧، لیستی ساڵی ٢٠١٦ پلەكانیان گەڕاوەتەوە، ئەوانەی لیستی ٢٠١٧ لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەم زووانە ئەوانیش دەگەڕێنەوە بۆ وەزارەت".

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد روونیشی كردەوە: "لە ئێستادا وەزارەتی پێشمەرگە كار لەسەر لیستی پلەبەرزكردنەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ دەكات و دوای گەڕانەوەی تەواوی لیستی ساڵانی پێشوو، لیستی نوێ رەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و پلەكانیان بەرز بكرێنەوە، بە تایبەت ئەوانەی وادەی یاساییان تەواو كردووە".

 

قائید میرۆ