Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چوار ھەزار و ٨٨٠ کەسی هەرێم بەشداریی فەریزەی حەج دەکەن

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، دوواین وادە بۆ ڕادەستکردنی پاسەپۆرتی ھاووڵاتییان دیاری دەکات، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافیش ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٠ی تەمموز یەکەم گەشتی حەج لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ سعوودیە دەست پێ دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان ئاگاداری سەرجەم ئەو ھاووڵاتییانە دەکاتەوە کە ناویان بۆ سەفەری حەجی ئەمساڵ دەرچووە و لەبەر ھەرھۆکارێک تاوەکو ئێستا پاسەپۆرتەکانیان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی حەجی پارێزگاکانیان نەکردووە، پێویستە بە زووترین کات بۆ ئەم مەبەستە سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە بکەن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایشیگەیاندووە، کە دوواین وادە بۆ ڕادەستکردنی پاسەپۆرتەکان ڕۆژی ١٦- ٦ - ٢٠١٩، ھەر کەسێک لەو وادەیە دووا بکەوێت مافی سەفەرکردن لەدەست دەدات.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی گەشتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە کرد و ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ چوارھەزار و ٨٨٠ ھاونیشتمانیی ھەرێمی کوردستان بەشداریی فەریزەی حەج دەکەن.

لەبارەی ئەو بڕەپارەیەی لە هه‌ر ھاووڵاتییەک وەردەگیرێت، نەبەز ئیسماعیل ڕوونی کردەوە، ئەمساڵ ھەر حاجییەک بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج پێویستی بە بڕی ٤ ھەزار و ٢٠٠ دۆلارە. ناوبراو ڕایشیگەیاند، لە ڕۆژی ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩ یەکەم گەشتی حەج لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ سعوودیە دەست پێ دەکات.

ھەڵکەوت محەمەد