Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

" پێکھاتەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ژیانیان لە مەترسیدایە "

 

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی دەستەی گشتیی مافی مرۆڤ ڕوونی کردەوە، لە دووای ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕەوشی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تێک چووە و دەڵێ، ڕۆژانە دەیان جار مافی پێکھاتەکان پێشێل دەکرێت و پارێزگاری کەرکووک بەئاشکرا بڕیاری دەرکردنی کورد دەردەکات، بێ ئەوەی ھیچ ھەڵوێستێک ھەبێت لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە.

 

زیا پترس، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژانە دەیان جار مافی مرۆڤ و مافی ھاووڵاتییان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاوی بەرپرسان و حکوومەتی عێراق پێشێل دەکرێت و پێکھاتەکان بە کورد و تورکمان و ئێزدی و کریستیان و کاکەییەوە ناتوانن لەنێو ڕەوشی ئاڵۆزی ناوچە کێشەلەسەرەکاندا بژین، بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک، دووای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕەوشی ئەو ناوچانە سەقامگیریی لەدەست داوە و تەعریب دەستی پێ کردووە و کورد بەزۆر لە گوندەکانیان دەردەکرێن."

 

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ دەشڵێ: "پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەئاشکرا بڕیار بۆ دەرکردن و خاپوورکردنی خانووی ھاووڵاتییان دەردەکات، کەسیش قسە ناکات بەرامبەر ئەو ھەوڵانەی دژی پێکھاتەکان و کورد بەڕێوە دەچن، لەبەر ئەوە حکوومەتی عێراق بەرپرسیاری یەکەمە لەو ڕەوشەی کەرکووک و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی گرتووەتەوە."

 

پترس ئەوەیشی نەشاردەوە: "حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە و ڕۆژانە دەچنە سەر گوندەکانی کوردانی دەوروبەری کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بۆ وەدەرنانی کورد و جێگیرکردنی عەرەب لە شوێنەکانیان، ئەمە تەنیا بەرامبەر بە کوردیش نەکراوە، بەڵکو ھەموو پێکھاتەکانی گرتووەتەوە."

 

زیا پترس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە بەڕەڵڵایییەکی زۆر لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و زۆڵمێکی گەورە لەسەر دانیشتووانی ئەو سنوورانە ھەیە، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە شوێنەکانیان بەجێ بێڵن، چونکە دەرکردن ھەر ئەوە نییە چەند ئۆتۆمبێلێک بێن بە ھاووڵاتییانی کەرکووک و ئەو ناوچانە بڵێن چۆڵی بکەن، دروستکردنی کێشە و ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە ھەر بۆ ئەوەیە ھاووڵاتییان وەرەس بن و ناچار بن شوێنەکانیان بەجێ بێڵن."

 

قائید میرۆ