Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هۆشیار سیوەیلی: بەھۆی پێکھاتەی نوێی حوکمڕانییەوە پەیوەندیی ھەرێم لەگەڵ وڵاتان بەھێزتر دەبێت

 

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و جیھانیش زۆر بەھێزتر دەبێت و پێشڤەچونی باش بە خۆیەوە دەبینێت، چونکە پێکھاتەیەکی نوێ لە ھەرێمی کوردستان حوکمڕانی دەکات و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت نوێن و سەرۆک بارزانییش ڕابەرایەتییان دەکات.

 

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕووی دا ئاماژەیەکی ڕوون و ڕاستەوخۆیە بۆ گرنگیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە و لەسەر ئاستی جیھانیش. خاڵی دووەمیش ئەوەیە کە نێچیرڤان بارزانی، خۆی کەسێکی ناسراوە و جێگەی دەستی لەسەر ئاستی جیھان دیارە و بەشێکی زۆری نوێنەری وڵاتان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیووە کە بووەتە سەرۆکی ھەرێم و گەشبینیی خۆیان دەربڕیوە بەوەی کە دەتوانێ لە ئاستی ئەو بەرپرسیارەتییەدا بێت و تەکانێکی گەورە بە ھەرێمی کوردستان بدات. خاڵی سێیەمیش دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە بە شێوەیەکی ئاشتییانە، کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کەم واهەیە دەستاودەستی حوکمڕانی بکرێت و کێشەی نەبێت، بۆیە وڵاتان ھەڵسەنگاندنی باشیان بۆ کردووە."

 

هۆشیار سیوەیلی گوتیشی: "وتارەکانی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەموویان بەڵگەن بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی باشی ھەیە و نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت لە داھاتوودا ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لە ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد و باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و، ئەوەی ڕووی دا ھەنگاوی یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد بوو، چونکە ھەموو لایەنەکان بەشدارییان تێدا کرد و ئەمەش بەرھەمی پارتییە."

سیوەیلی باسی لەوەش کرد: "پەیوەندیی ھەرێم و وڵاتان لە ئاستێکی بەرزدایە و پەیوەندییەکان بەھێزتریش دەبن، چونکە لەمەودووا پێکھاتەیەکی بەھێز لە ھەرێمی کوردستان حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان دەکات و سەرۆکی ھەرێم و حکوومەت ھەردووکیان نوێن و ھەمووی ئەمانە بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی دۆخێکی وا دەخولقێنن کە پەیوەندیی ناوخۆیی و لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و جیھانیش بەھێزتر دەبێت و دەچێتە قۆناغێکی نوێوە."

بڵند ئیبراھیم