Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حكوومەتی بەریتانیا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی بەریتانیا پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/6/2019 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێز د. ئەندرۆ مۆریسن، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، بە ناوی حكوومەتی بەریتانیاوە پیرۆزبایی لە بەڕێزیان كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و پۆستی نوێیدا بۆ خواست.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، بەڕێز مۆریسن جەختی لە پتەوكرنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لە هەموو بوارەكاندا لە ژێر سەركردایەتیی سەرۆك نێچیرڤان بارزانیدا كردەوە.

لای خۆیەوە، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی پەیوەندیی تەلەفۆنی و پیرۆزباییەكەی كرد و ئەو پەیوەندییە‌ی بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی سوپاسی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاری و پیشتگیرییەكانی بەریتانیا لە كاتە سەختەكاندا دووپات بكاتەوە، هەروەها‌ خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەریتانیا لە هەموو بوارەكاندا، نیشان دا.