Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

روشدی: مەسروور بارزانی سەردانی لایەنەكان دەكات.. پارتی كەسانی نوێی دیاری كردوون

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دوای دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی دەست بە سەردانیكردنی لایەنەكان دەكات، بۆ ئەوەی ناوی كاندیدانیان لێ وەربگرێت و كابینەكە ئامادە بكات و رادەستی پەرلەمانی بكات تا دەنگی لەسەر بدرێت.

عارف روشدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی راستەوخۆ دەست بە سەردانیكردنی لایەنەكان دەكات، بۆ ئەوەی كاندیدی لایەنەكان وەربگرێت و كابینەی خۆی ئامادە بكات و پێشكەشی پەرلەمانی بكات، تا دەنگی لەسەر بدرێت، چونكە رێككەوتن لەسەر پۆستەكان كراوە".

راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی، رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی مەرسوومی سەرۆكایەتیی ھەرێم دەربچێت و دەست بە سەردانەكانی بكات، هەروەها سەردانی ھەموو ئەو لایەنانەش دەكات كە بەشداری لە كابینەی نوێدا دەكەن.

روشدی باسی لەوەش كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی بۆ وەزارەتەكانی پشكی خۆی ئامادە كردووە و ئەمجارە زۆرینەی وەزیرەكان كەسانی نوێن، كە بۆ وەزارەتەكان دیاری كراون.

 

بڵند ئیبراھیم