Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكایەتی پەرلەمان، پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی ده‌كات

هەولێر-KDP.info- سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2019/6/11، بە سەرۆكایەتیی د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (8)ی ئاسایی خولی بەهارە لە ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، بریتی بوو لە دەستنیشانكردنی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەرێمی كوردستان، بەپێی بڕگە (3) لە ماددەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو.

دوای خوێندنەوەی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە و كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوی ئەندامانی ئامادەنەبوو و مۆڵەتپێدراو لەلایەن مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای لە لیستی براوەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بخەنە روو.

دواتر لەلایەن ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڕێز مەسروور مەسعوود مستەفا بارزانی وەك كاندیدی  لیستی براوەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرا و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە خرایە دەنگدانەوە و لە كۆی 97 ئەندامی ئامادەبوو، بە 87 دەنگ بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ناوزەد كرا.

بەو بۆنەیەشەوە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ناوی دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە بەڕێز مەسروور مەسعوود مستەفا بارزانی كرد بە بۆنەی ناوزەدكردنی بۆ ئەو پۆستە و رایگەیاند: "هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان ئەو بڕیارە ئاراستەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆ ئەوەی بە زووترین كات لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێزیان رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی خزمەتكردنی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانییەوە". بەم جۆرە كۆتایی بە دانیشتنەكە هێنا.