Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ما ینفع الناس

 
ئاریان فەرەج
 
(لا یصح الا الصحیح) واتا لە كۆتاییدا هەر راستی سەردەگرێ، كێشمەكێش و ململانێ چەند بخایەنن و بەرەو لاڕێمان ببەن، لە كۆتاییدا هەر دەبێ بە گرتنەبەری رێگا راست و دروستەكە و بژاردە خێردارەكە تەواو بێت. بە رەغمی هەموو تەنگ و چەڵەمە و گرفتەكان، جا سەرچاوەكەی خۆمان بین، یان دەرەوەی خۆمان، لە كۆتاییدا دەستەبژێرە سیاسییەكەی ئەم نیشتمانە هەر دەبێ رێی حیكمەت و بەرژەوەندی بگرنەبەر، دەبێ ئەم هەرێمە راستەڕێ و ئارام بێتەوە و چاو لە ئاسۆی سەقامگیری و تەبایی ببڕێ. دواجار دەبێ ئەم هەوارە بە دامەزراوی و یەكپارچەیی و تۆكمەیی بمێنێتەوە و بەهێزتر و دامەزراوتر بێ. دەبێ ئەو هەنگاوانەی لەسەر راستەرێ دەستمان پێكردن، بەردەوام بن و هەنگاو بە دوای هەنگاودا بەرەو كاراكردنەوەی دامەزراوەكانمان و نوێكردنەوەی شەرعیەتی حكومەتەكەمان و ده‌مەزەردكردنەوەی ئەدائی دام و دەزگاكانمان و پڕكردنەوەی كەم و كورتییەكانمان ببن. بمانەوێ یان نا، ئاراستەكان هەر ئەو راستەرێیەمان نیشان دەدەن. 
ئەوەتا سەرباری ناتەبایی و عینادی سیاسی و مەیلی ریكنەكەوتن و ئاستەنگ هێنانپێش و كارلێكدی قورس كردن، كەچی لەدەسپێكەوە هەنگاوە دروستەكان هەر وا دێن و دەچنەپێش و یەكدی تەواو دەكەن و ناگەنە بنبەست. هەڵبژاردنمان كرد و نەچوینەژێر باری نەكردنی، ئەنجامەكانی قبوڵكران و رەتنەكرانەوە، لە پێناو پێكەوەیی و حكومەتی سەرتاسەریی، دانوستان گەرچی بەگرێ و گۆلیش بێت، دەستپێكرا و بەئەنجام گەیشت، پەرلەمان كاراكرایەوە و دەستی بەكاری خۆی كرد، یاسای سەرۆكایەتیمان هەموار كرد و دامەزراوەی سەرۆكایەتی كارا كرایەوە، سەرۆكی شایستە هەڵبژێردرا و متمانەی وەرگرت، ئەمڕۆ سوێندی یاسایی دەخوا و دەستبەكار دەكات، بەدەوری خۆی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تەشكیلدانی حكومەتی نوێ رادەسپێرێ، بێگومان ئەویش لە وادەی یاسایی خۆیدا ئەركی خۆی رادەپەڕێنێ و كابینەكەی دەباتە بەردەم متمانەی پەرلەمان. هەموو هەنگاو و كارەكان وەك ئەوەی پێویستە و دەبێ وابێت، بەڕێوە دەچن، دواجار ئەوەی راستە و رێگای راستە و بەرژەوەندی و خێر و ئیستقراری ئەم ووڵاتە و خەڵكەكەی تێدایە، ئەوە سەردەگرێ و دەچێتە سەر. 
فَأَمَّا الزَّبَدُ فَیَذْهَبُ جُفَاءً وَأَمَّا مَا یَنفَعُ النَّاسَ فَیَمْكُثُ فِی الْأَرْضِ