Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، سەربەخۆخوازانی سەرخست و قەیرانەكانیش تێپەڕێندران

 
هەولێر-KDP.info- لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی و ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەكان، بڕیار درا ٢٥ـی ٩ـی ٢٠١٧ ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت، كە دواتر گەلی كوردستان بڕیاری دا و بەسەر هەموو كۆسپ و تەگەرە و قەیرانەكانیشدا سەركەوت. 
 
لە ٧ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ـدا، بە ئامادەبوونی زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی، بڕیار درا ٢٥ـی ٩ـی هەمان ساڵ وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بكرێت.
 
ئازادی بۆ سەربەخۆخوازان لە نان گرنگتر بوو
 
بەكارهێنانی زەبروزەنگ و دەربڕینی ڕق و كینە لە دژی گەلی كوردستان، رەگی لە مێژووی ناوچەكەدا داكوتاوە، كوردستان و پێشكەوتنەكانیشی، هەمیشە بارگرانییەك بوون بۆ نەیاران و شۆڤێنیستان، بۆیەش بەردەوام دژایەتیی گەلی كوردیان كردووە، بەڵام گەلی كورد نەك هەر چۆكی دانەداوە، بگرە بەردەوام ڕووبەڕووی هەموو هێرشەكان بووەتەوە و نەكەوتووە.
 
ئەگەر گەلی كورد ریفراندۆمیشی نەكردبا، دوژمنان هەر هێرشیان دەكردە سەری، وەك سەرۆك بارزانیش لە بانگەشەی ریفراندۆمدا رایگەیاند: "ئەوەی سەربەخۆیی بوێت، دەبێ چاوەڕێی هەموو جۆرە باجێك بێت".
 
لە ٢٥ـی ٩ـی ٢٠١٧ـدا، ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام درا و زیاتر لە ٩٢%ـی كوردستانیان دەنگیان بە بەڵێ دا، چونكە بە لای گەلی كوردەوە، ئازادی لە نان گرنگتر بوو، كە بە دەنگێكی زوڵاڵ بە جیهانیان گوت: "سەربەخۆییمان دەوێ".
 
 
هەڵوێستی وڵاتان
 
سەرۆك بارزانی، لە زۆربەی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا، بە وڵاتانی جیهانی دەگوت، ئەلتەرناتیڤێكمان پێ بدەن، بۆ ئەوەی ریفراندۆم نەكەین، بەڵام وڵاتان هیچ بەدیلێكیان پێ نەبوو، بۆیە سەرۆك بارزانی بە رەزامەندیی گەلی كورد و لایەنە سیاسییەكان، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی دا.
 
گەلی كورد بڕیاری خۆی دا و ئامادەی هەموو جۆرە باجێك بوون، كە بەشێك لە وڵاتان دژایەتییان كرد و هەندێكیشیان بێهەڵوێست بوون، بەڵام عێراق هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان و گوشارەكانیش بە داخستنی فڕۆكەخانە و سنوورەكان و بڕینی قوتی خەڵك، چڕ كرانەوە.
 
دواجار لەبەر هەستیاریی دۆخەكە، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ریفراندۆمی سڕ كرد، بەڵام ئەوەی بۆ كورد گرنگە، ئەنجامی ریفراندۆمە، كە بوو بە تاپۆ بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
 
 
 
سەربەخۆخوازان سەركەوتن
 
بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، توانرا قەیران و گوشارەكان تێپەڕێندرێن، كە دواتر دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان كرانەوە و بودجە و مووچەشیان بۆ هەرێم ڕەوانە كرد و سیستمی پاشەكەوتیش هەڵگیرا.
 
لە هەڵبژاردنەكانیشدا، سەربەخۆخوازەكان سەركەوتن و توانییان بە ڕێژەیەكی بەرچاو دەنگی هاونیشتمانیان مسۆگەر و زیاتر بكەن و هەروەها هەموو گوشار و هەڕەشەكانیش شكستیان پێ هێندرا.
 
ئەو وڵات و كەسایەتیانەی كە هەڕەشەیان دەكرد و دژی ریفراندۆم وەستانەوە، ئێستا زیاتر لە هەموو كات لە بارێكی ناسەقامگیر و قەیراناویدان و هەمووشیان پێویستیان بە هەرێمی كوردستانە.
 
 
كــاروان بــاعەدری