Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كوردستانیان بە گرنگییەوە دەڕواننە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم

سۆران-KDP.info-  بڕیار وایە بەیانی پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژێردرێت. نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری ئاوەدانكردنەوە، كاندیدی لایەنەكانە بۆ ئەو پۆستە. كوردستانیان بە گرنگییەوە دەڕواننە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و ئۆمێدێكی گەورەیان هەیە، كە لە چوار ساڵی داهاتوودا زۆر شتی باش دەكرێ و كۆتایی بە كێشە و قەیرانەكان دێت.

مەحموود عەبدوڵڵا، مامۆستا لە سنووری پەروەردەی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "خەریكە كۆتایی بە كێشە و قەیرانەكان دێت و كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ پێش دەكەوێت، هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی، ئەندازیاری ئاوەدانكردنەوە، بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاتر كوردستان بەهێز دەكات و وا دەكات كە وڵاتان هەرێمی كوردستان بە جێگەی بایەخ بزانن و پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ هەولێر باشتر بكەن.

نێچیرڤان غەفوور، هاووڵاتییەكی سنووری مێرگەسۆرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێم ئۆمێدێكی گەورەی لای ئێمە دروست كردووە و پێمان وایە لە چوار ساڵی داهاتوودا زۆر شتی باش دەكرێ و كۆتایی بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دێت، بەتایبەتی كە نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ سەرۆكوەزیران هەیە، ئەوەش هەموو لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە."

زەهرا ئەحمەد، ئافرەتێكی سنووری ڕواندزە و لەناو بازاڕی سۆران خەریكی كڕینی پێداویستییەكانی جەژن بوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئەم جەژنە بۆ ئێمە دەبێتە دوو جەژن، چونكە لەو جەژنەدا نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكار دەبێت، ئەوەش مانای وایە كە كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ پێش دەكەوێت و زیاتر ئاوەدان دەبێت و كێشەكان نامێنن، ئەوەش جێگەی دڵخۆشیی ئێمەیە و هەموومان بە حەسرەتەوە تەماشای ئەو ڕۆژە دەكەین."

ستار مەغدید، فەرمانبەری حكوومی لە شارۆچكەی چۆمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "نێچیرڤان بارزانی ببێتە سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی ببێتە سەرۆكی حكوومەت، كە دوو كاراكتەری زۆر بەهێزی هەرێمی كوردستانن، وا دەكات كە كوردستان ناخۆشییەكانی 5 ساڵی ڕابردوو لەبیر بكات و دەرگایەكی نوێ بە ڕووی خەڵكی كوردستاندا ببێتەوە و لە چوار ساڵی داهاتوودا هەست بە ئارامی و خۆشی بكەین و بە ئاسوودەیی بژین".

 

ڕابین شێروانی