Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مافی مرۆڤ: تاوانەکانی دژی کوردانی ناوچە کوردستانییەکان بە تیرۆر ھەژمار دەکرێن

هه‌ولێر-KDP.info-  بەرپرسێکی دەستەی گشتیی مافی مرۆڤ داوای کرد ئەوانەی تاوانیان دژی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کردووە، بدرێنە دادگا و بە ماددەی تیرۆر دادگایی بکرێن. دەشڵێ، لە دووای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەو سنوورانە زیادی کردووە.

تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی یاساییی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم ڕوو دەدات پێشێلکاریی بەرچاوی مافی مرۆڤ و پێچەوانەی دەستووری ھەمیشەییی عێراقە، بە بڕوای ئێمە سووتاندنی بەرھەمی جووتیاران و زۆڵم و ستەمی سەر کوردانی ئەو ناوچانە بە تیرۆر ھەژمار دەکرێت، چونکە تاوانێکی دژەمرۆڤایەتی دەکرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی  یاساییی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: "لە دووای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھەموو جۆرە تاوان و پێشێلکارییەکی دژی مرۆڤ لە ناوچە کوردستانییەکان زیادی کردووە، لەبەر ئەوەی ھیچ نەماوە بەرامبەریان نەکرێت، لە کوشتن و ڕفاندن و سووتاندنی ماڵ و مڵک و ئاوارەبوونیان، داوا لە کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق دەکەین بێدەنگ نەبێت بەرامبەر بەو تاوانانەی دەرحەق بە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان دەکرێت."

تاڤگە عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە ھەرچی زووە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دیاری بکرێت و ھەموو ئەوانەیشی دەستیان لەو تاوانانەدا ھەیە، وەک تۆمەتبار ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، چونکە ئەوەی دەکرێت، ھەمووی تاوانی دژی مرۆڤایەتییە و پێویستە بکەرانی ئەو تاوانانە بە سزای یاساییی خۆیان بگەن."

 

قائید میرۆ