Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. محەمەد: ئیدارەی كەركووك فشارێكی زۆری خستووەتە سەر ھاووڵاتییانی كورد

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی لە كەركووك پێی وایە، ھیچ ھەنگاوێكی كردەیی لە لایەن بەغداوە بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ئاڵۆزی كەركووك نەنراوە و دەشڵێ، تەعریب و فشارخستنەسەر ھاووڵاتییانی كورد لە سنووری پارێزگای كەركووك بەردەوامە.

دكتۆر محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی بەغدا تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێكی كردەیی بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووك نەناوە و ئەوەیشی ئێستا لە كەركووك ڕوو دەدات، ئەوەیە کە بەداخەوە لە لایەن ئیدارەی خۆجێیی كەركووك و بەتایبەتی ڕاكان سەعید، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووكەوە فشارێكی زۆر خراوەتە سەر ھاووڵاتییانی كورد لە كەركووك و دەوروبەری".

بەرپرسەكەی پارتی لە كەركووك ڕوونیشی كردەوە: "ھاوردەكردنی عەرەبی شۆڤێنی و داگیركردنی زەویی كورد بەردەوامە، لە دووایین ھەوڵیشدا لە ناوچەكانی پەلكانە و سەرگەڕان و قەرەدەرەی دوبز و لە سنووری قەزای داقووقیش لە گوندەكانی تەلحەمە و گوندەكانی دیكەش، ھەوڵی بەعەرەبكردن ھەبووە".

بە گوتەی دكتۆر محەمەد، سووتاندنی گەنمی جووتیاران بەردەوامە و تەنیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا چوار ھاووڵاتیی كورد بەو هۆیەوە شەھید بوونە، ئەویش لە كاتی ھەوڵدان بۆ كوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە گەنمەكانیان بەردراوە، بەداخەوە لە كەركووك ڕەوشەكە ئاڵۆزە و پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە."

 

قائید میرۆ