Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە بەغدا دەبێ نوێنەری‮ ‬كوردبن

سەلام عەبدوڵڵا
 
مەخابن كە ناچاردەبین بە مانشێتێكی وا مەسەلەیەكی بەڵگەنەویست بۆ ئەندام پەرلەمان و وەزیرەكانمان لە بەغدا ئاگادار بكەینەوە كە ئەركی ئەوان وەك نوێنەرانی كورد لە بەغدا بۆ ئەوەیە داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان بكەن كە بەدەستووریش دەستنیشان كراوە.
 
ئەندام پەرلەمان كە بە دەنگی حزبەكەی و خەڵكی هەرێم دەگاتە ئەو پۆستەی بۆ ئەوە نانێردرێت كە تەعبیر لەڕای خۆی و بۆچوونە شەخسییەكانی خۆی بكات، دەنگدەر بۆ ئەوەی نەناردۆتە بەغدا كە بەپێچەوانەی خواستی گەلەكەیەوە هەڵسوكەوت و ڕەفتار بكات، بەڵكو بۆ ئەوە نێردراوە كە نوێنەری خەڵكی و دەنگ و ڕەنگی خەڵكی هەرێم بێت لە بەغدا ئەمە بۆ وەزیر و كاربەدەستانی دیكەو پۆستەكانی تری بەغداش هەر وایە.
 
 بەڵام بەداخەوە، لەم چەند خولەی پەرلەمانی بەغدا، زۆرجار هەستمان بەو هەڵوێستە چەوتە ناكوردانەیەی هەندێك لە پەرلەمانتاران لە بەغدا دەكرد كە زۆر خراپتر و توندتر هەڵوێستی لە هەرێم و كێشەكانی هەرێم وەردەگرت كە هەڵكشاوتر بوو لە هەڵوێستی شۆڤێنیە عەرەبەكانی دیكەی نێو پەرلەماندا، بەڕادەیەك كە ڕاكانیان و قسە نابەجێكانیان سنووری ئەوانیشی دەبەزاند كە مایەی بێ هیوایی و سەرسوڕمانی دەنگدەران و سەرجەم خەڵكی هەرێمی كوردستان بوو، بۆیە ئەمە وەك پرسیارێكی گەورە بەڕووی خەڵكدا قوت دەبووەوە، كە چۆن دەبێ ئەو حزبانە مۆڵەت بە ئەندامانیان بدەن كە بەو شێوەیە دژایەتی حكوومەتی هەرێم و داخوازییەكانی هەرێم بكەن كەچی هاوكات هەڵوێستێكی زۆر پێچەوانەشیان لێ بەدی دەكرا كە ئەوانە بە تەواوی بێ دەنگ و كڕوكپ بوون سەبارەت بە هەموو ئەو كارە ناڕەوا و نادەستووریانەی حكوومەتی عێراقی سەبارەت بە هەرێم دەیكردن هەر لە بڕینی بوودجە و مووچە و پێشێلكردنی مادە دەستوورییەكان تا دەگاتە دەستدرێژی بۆ سەر خاكی كوردستان، ڕۆژێك لە ڕۆژان هەست بە هەڵوێستێكی ئەرێنی ئەم زاتانە لە بەغدا سەبارەت بە هەرێم نەكرا، جا سەیر لەوەش دایە حزبەكانیشیان دەرهەق بەو هەڵوێستە نانیشتمانیانەیان بێ دەنگ بوون كە نەدەبوو لەم خولەدا ئەو هەڵە كوشندانە كە پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانەكەمان و بژێوی دانیشتوانی هەرێم جارێكی تر و  بەهیچ شێوەیەك دووبارە ببنەوە، كەچی تازە بەتازە پەرلەمانتارێك سكاڵا لەسەر هەرێم تۆمار دەكات؟؟!