Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێگای ھەولێر - حاجی ئۆمەران لەسەر شێوازی رێگا خێراكانی ئەورووپا دروست دەكرێت

هەولێر-KDP.info- پڕۆژەی جووتسایدی خێرای نێوان ھەولێر - حاجی ئۆمەران، دیزاینەكەی كۆتایی ھاتووە و بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، چاوەڕێی وەبەرھێنەرێكن بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەكە و لەسەر شێوازی رێگا خێراكانی ئەورووپا دروست دەكرێت و بەشێكی كۆتایی ھاتووە.

زانا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانكردەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، پڕۆژەی رێگای خێرای ھەولێر - حاجی ئۆمەران دیزاینی بۆ كراوە و رێگاكە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەبەستێتەوە، كە رێگایەكی زۆر پێشكەوتووی سەردەمیانەیە، رێگاكە بەشێكی جێبەجێ كراوە لە ھەولێر بۆ قەندیل، بەڵام بەشێكی سەرەكی ماوە لە ھەریرەوە بۆ حاجی ئۆمەران كە ٦٠ كم درێژە.

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان دەڵێت: "لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو ئەو رێگا خێرایانە ھەن، كە خەڵك لە بەرامبەر پارەیەك دەتوانن ھاتۆچۆی تێدا بكەن، ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێ رێگای ئێستا نەمێنێت، مەبەستمە بڵێم ھەردوو رێگا دەبن بۆ ھاتۆچۆ و ھاووڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن بەكاریان بێنن".

عوزێری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "رێگای خێرای ھەولێر - حاجی ئۆمەران، لەسەر وەبەرھێنەر ماوەتەوە و ھەر كاتێك وەبەرھێنەرێك ئامادەیی دەرببڕێت بۆ جێبەجێكردنی، ئەوا حكوومەت ئامادەیە بۆ ئەوەی بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".

 

قائید میرۆ