Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یادی گوڵان

ئاریان فەرەج
 
دۆزی كورد، دۆزی میللەتێكە دەیەوێ وەك میللەتانی دیكە ئازاد و خودموختارانە بژی و سەرداری ماڵی خۆی بێت، داگیركارانیشی نایانەوێت مل بۆ ئەم داوایە بدەن و لە بری ئەوە پەنا بۆ هەر رێگایەك دەبەن كە دەنگ و داوای كورد كپ بكات. ئەم هاوكێشە سادەیە ململانێیەكی لێكەوتەوە كە سەر دەكێشێ بۆ سەد ساڵی رەبەق. لەو سەد ساڵە خوێناوییەدا نە كورد كۆڵی دا و ئاڵای سپی هەڵكرد و نە داگیركەر و نكۆلیكارانیش دەستیان لە شەڕ و نكۆڵی بەردا. 
 
ئاگر و ئاسن و كوشت و بڕ تا جینۆساید و كۆمەڵكوژی، كۆتاییان بە دۆزی ئەم میللەتە نەهێنا، چەندین نەوە رۆیشتن و نەوە و نەسلی دیكە هاتن و ئەم ئامانجە میلییە هەر خامۆش نەبوو. هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان وەك درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلول لە ماوەیەكی پیوانەییدا، وەك دەیان جاری دیكە سەلماندی كە دۆزی ئەم میللەتە بە زەبر و زەنگ و تەنانەت بە پیلان و گەلەكۆمەكێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش گەر بۆ ماوەیەكیش كپ بكرێت، بەڵام خامۆش ناكرێ. 
 
رێگەی زەبر و زەنگ نەك لەگەڵ كوردی سەرسەخت، لەگەڵ هیچ میللەتێكی دونیا تا ئەبەد دادی نەداوە و سەری نەگرتووە. بۆیە تاكە رێگەی بەردەم دوژمنانی كورد رێگەیەكی نامومكینە، ئەویش ئەوەیە: بۆ كوردی بسەلمێنن كە داواكەی ناڕەوایە و حەق و عەدالەت لەوەدایە كە تا ئەبەد بندەست و داگیركراو بێ، دەبێ بۆی بسەلمێنن كە خۆشبەختی و سەرفرازی لە بندەستیدایە نەك لە ئازادیدا. ئەم رێگە نامومكینە بە دیوە كوردییەكەشیدا لەوەدایە كورد باوەڕ بێنێ لە میللەتانی دیكە كەمترە و دەبێ بە بەشی خۆی رازی بێت و بە قەدەر و چارەنووسی بزانێ و ئیدی رێی خەبات بەردات. 
 
لەبەردەم بێ جەدوایی زەبرو زەنگ و ئەم رێگە نامومكینەدا، چارەسەر تەنیا دانپێدانانی مافەكانی كوردە، ئەو مافانەی ئاسمان بەر لە زەمین بە كوردی رەوا بینیون، دەنا لە هەر ئەیلولێك گوڵانێك لە دایك دەبێ و هەتا هەتایە نە كورد كۆڵ دەدات و نە ئەوان خەو دەچێتە چاویان.