Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم

عارف ڕوشدی
 
لە وەتەی (١٦) ی ئۆکتوبەرە شومەکەوە، پیلانە دوژمنکارانەکەی شۆڤینیستەکان کاراکراونەتەوە دژ بە خاک و مانەوەی گەلەکەمان لە زێدی باب و باپیرانماندا بەتایبەتی لە کەرکووکدا نەهامەتییەکان بەرۆکی ئێمەیان گرتووە، بۆیە لەم ڕوژانەدا، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەپێی ماددەی ١٤٠ ی دەستوری عێراقی و چەند پرسێکی گرنگی دیکەی پەیوەندیدار بە بواری کارە فریاگوزەرەکان، نامەیەکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی کرد، ئەو هەنگاوە زۆر شیاو و شایەستە بوو و وەڵامی ئەرێنیشی لێکەوتەوە نەخاسمە لە ئاستی ماددەی (١٤٠) ەوە، مەبەست لەو نامەیە ئەوە بوو تاکو چارەسەری کێشەی ئەو بەشەی نیشتیمانەکەمان تەنها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا قەتیس نەکرێتەوە، بەڵکو بە (نێونەتەوەیی) بکرێت، لە لایەکی دیکەوە پەیوەندی و جموجوڵی شاندەکانی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان لە گەڵ دام و دەزگاکانی حکومەتی بەغدا، لە بارەی ڕێگریکردن و ڕاگرتنی پرۆسەی قێزەوەنی تەعریب و ڕاگواستنی سەر لە نوێی کوردانی کەرکووک و خانەقین و دەوروبەرەکەیان وەک دەرنجامێکی کەتنە نیشتیمانییەکەی (١٦) ی ئوکتوبەری ساڵی ٢٠١٧، کار و چالاکی ئەرێنین، بۆیە پێویستە لەمەو دوا کێشەکانی هەڵواسراو و هەڵمەتەکانی دژ بەگەلەکەمان لە هەموو ئاستەکاندا ببێتە ئەرکی فەرمی و پێشینەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان نەک حزبەکان، بەڵکو ئەرکی حزبەکان (هەروەک سەرۆک بارزانی فەرمویەتی): بریتیی دەبێت لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئەو هەولانە .ئەوەی جێگای داخە لە ئاستی ئەو هەموو پێشێلکارییە دەستوریانە دەرحەق بە مافە رەواکانی گەلەکەمان هەندێ لەو کەسانەی بە ناوی کوردەوە پلەو پایەیان وەرگرتووە لە بەغدا بێدەنگی دەنوێنن یان ڕووکەشانە و شەرمنانە هەندێ ووشەی بریقەدار دادەڕێژن، بەڵکو بەشێکیان هاوشێوەی ناحەزانی گەلەکەمان هەڵوێستیان هەیە. بۆیە پێویستە شان بەشانی بزاوتە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راست و ڕەوایە وەک پشتیوانییەکیش دەبێت بۆ ئەو بزاوتە، کومەڵانی خەڵکی کوردستان لە نێو خۆی هەرێم و بەتایبەتیتر لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بە شێوازی (خوپێشاندان و مانگرتنی مەدەنییانە) ڕووبەڕووی پلانە چەپەڵەکانی داگیرکەران ببنەوە.