Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كەركوك و نەتەوەیەكگرتووەكان

ئاریان فەرەج
 
داگیركاری و سەپاندنی حوكمی عەسكەرتاری، وەك چۆن حەقیقەتی كوردستانییەتی كەركوك ناسڕنەوە، ناشتوانن ببنە بەدیلی ماددەی سەد وچل كە لە دەستوری گەل پەسەندی عێراقدا، وەك نەخشەڕێ و تاكە چارەسەر بۆ رەوشی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە و كۆی ناوچە كێشەلەسەرەكان هاتووە و جێبەجێكردنی بۆتە ئیستحقاقێكی دەستوری.
 
كەركوك كێشەی ئەمڕۆ و دوێنێی نزێك نییە، نزیكەی سەدەیەكە هەوڵی دابڕین لە كوردستان و بەعەرەبكردنی دەدرێ و كورد بەرگری لێدەكات و لە پێناو دەستهەڵنەگرتن و گێڕانەوەیەدا، خەبات دەكات و قوربانی دەدات. كەركوك چەقی ناكۆكی مێژوویی نێوان كورد و دەسەڵاتی مەركەزیی ووڵاتی عێراقە، بۆ كورد قەزیەیەكی مەركەزییە و سەودای لەسەر ناكرێ. بارزانی و پارتی و كورد مەزنترین شۆڕشی كوردیان كرد بە قوربانی كوردستانییەتی كەركوك. كۆی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان كورد و بەغدا هەمیشە بەهۆی داگیركردنی كەركوكەوە شكستیان خواردووە. 
 
بە درێژایی مێژووی كێشمەكێش لەسەر كەركوك، رۆشنترین چارەسەر كە كورد و مەركەز بۆ كێشەی كەركوك لەسەری رێكەوتبن و زۆرینەی گەلی عێراق پەسەندی كردبێ، ماددەی سەد و چلە، ئەو ماددەیەی گەر جێبەجێ بكرێ حەق بۆ خاوەن حەق دەگەڕێتەوە، تا جێبەجێش نەكرێ نە ململانێكە كۆتایی دێت و نە هیچ واقیعێكی سەپێندراویش دەتوانێ جێی ئەو چارەسەر عادیلانەیە بگرێتەوە. 
 
تێپەڕینی ساڵان و گۆڕانی حكومەتەكان و وەك خۆ مانەوەی ماددەی سەد و چل و جێبەجێنەكردنی، وا دەخوازێت لایەنێكی نێودەوڵەتی وەك هاوكار و نێوەندگیر بێتە ناو پرۆسەكەوە، نێردەی نەتەوە یەكگرتۆكان لە عێراق كە یەك لە ئەركەكانی میانگیریی نێوخۆییە لە چارەی كێشە سەختەكاندا، ئەو لایەنەیە كە چاوەڕوانیی وەها هانگاوێكی لێ دەكرێ. نامەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سكرتێری گشتی یوئێن، پێدەچێ لە كاتی گونجاودا نێردرابێ، بۆیە وەڵامی ئیجابی درایەوە. 
 
رەوشی خراپ پەرەسەندووی كەركوك و زیادبوونی فشار و مەترسییەكان، پێداگیریی هەندێ لایەن لەسەر چارەی نیوەچڵ و روانگەی تەسكی حزبییانە بۆ كەركوك، هاتنەئارای عەقڵیەتێكی نوێ لەبەغدا، ئامادەیی یوئێن بۆ بەشداری و رۆڵ بینین، هەموو ئەمانە پێدەچێ لە ئایندەی نزیكدا زەمینە بۆ چارەی بنەڕەتی كێشەی كەركوك و ناوچەكانی ماددەی سەد و چل بڕەخسێنن.