Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"دەربارەی پاراستنی خاکی ھەرێمی کوردستان یادداشتێک ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکرێت"

بەغدا-KDP.info-  ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بەھۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکەوە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ھاووڵاتییەکی سڤیلی ھەرێمی کوردستان شەھید بوو. پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، لەسەر سنووربەزاندن و ئاڵۆزیی نێوان تورکیا و پەکەکە یادداشتێک دەدەینە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا.

محەمەد ئەمین فارس گوتی: "پێویستە سنووری ھەموو وڵاتێک پارێزراو بێت و ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان دەخوازین سنووری ھەموو وڵاتێک پارێزراو بێت و دەستوەردان نەکرێت بۆ سەر خاکی ھیچ وڵاتێک، بە ھەمان شێوە سنووری ھەرێمی کوردستانیش پارێزراو بێت و ھێز و وڵاتانی دەوروبەر خاکی ھەرێمی کوردستان وەک مەیدانی جەنگ بەکار نەھێنن."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "ئێمە لە ڕێگەی خۆمانەوە، واتە لە ڕێگەی پەرلەمانی عێراقەوە یادداشتێک ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەین تا ئەوانیش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بن، چونکە سنوورەکانی ئێمەش بەشێک لە سنوورەکانی دەوڵەتی عێراقن و پێویستە سەروەریی خاکی عێراق پارێزراو بێت."

فارس ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە ساڵانە بەھۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا ژمارەیەک ھاووڵاتیی ھەرێم دەبنە قوربانی، جگە لە زیانی بێھەژماری ماددی کە بەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت."

 

قائید میرۆ