Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەیدۆ چەتۆ: ١٥ ئەندام بە گەندەڵی تۆمەتبار كراون.. ئەندامانی پارتی تێوە نەگلاون

 
مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ رایگەیاند، لە ئەنجومەنەكە، ١٥ ئەندام بە گەندەڵی تۆمەتبار كراون و لە پەرلەمانیش لیژنەیان لەسەر دروست كراوە، بۆیە ئەگەر تۆمەتەكان ساخ بوونەوە، لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەكرێت.
 
سەیدۆ چەتۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: " ١٥ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، كە ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان تێدا نییە، تۆمەتبار كراون بەوەی گەندەڵییان كردووە و لە پەرلەمانیش لیژنەی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دروست كراوە و خەریكی لێكۆڵینەوەن، بۆیە ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین".
 
چەتۆ گوتیشی: "ھەر كاتێك تۆمەتەكە ساخ بووەوە كە ئەو ئەندامانە گەندەڵیان ئەنجام داوە، ئێمە وەك ئەنجومەن لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەكەین و رێگە نادەین وا بە ئاسانی تێپەڕێت، چونكە ناكرێت ئەندامانی ئەنجومەن كە نوێنەری خەڵكن، گەندەڵ بن".
 
ئەو هەروەها دەشڵێ: "ئەوەی جێگەی دەستخۆشییە، لەو لیستەدا كە تۆمەتبار كراون، ھیچ ئەندامێكی لیستی پارتی تێدا نییە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە ئەندامانی ئێمە بە دڵسۆزییەوە كاری خۆیان ئەنجام دەدەن".
 
بڵند ئیبراھیم