ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئێران گوتی، پەیوەندییان لەگەڵ ئێران باشە و تێكچوونی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریكاش، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ھەرێمی كوردستان نەبووە.
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تێكچوونی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریكا، ھیچ كاریگەرییەكی لەسەر ھەرێمی كوردستان نەبووە و پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران ئاساییە و مەرزەكان كراوەن و خەڵك ھاتوچۆ دەكات، بۆیە تاوەكو ئێستا ھیچ كێشەیەكمان بۆ دروست نەبووە و پەیوەندیی بەردەوامیش ھەیە".
ئاكرەیی گوتیشی، لەلایەن حكوومەتی عێراقیشەوە ھیچ رێنمایییەكی نوێیان بەدەست نەگەیشتووە، كە گۆرانكارییەك بكرێت و پەیوەندییەكە ھەر وەك خۆی بەردەوامە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ھیچ ھەڕەشەیەك لە ھەرێمی كوردستان نەكراوە و پەیوەندیی بەردەوام ھەیە، ھەر گۆڕانكارییەكیش بكرێت پێویستە بە رێنمایی بێت و لەلایەن بەغداوە بۆ ئێمە رەوانە بكرێت، بۆیە كارەكان وەكو پێشوو بەڕێوە دەچن و ھیچ كێشەیەكمان نییە".
بڵند ئیبراھیم