Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەكێتیی زانایان: بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕۆیی بەردەوامە و مامۆستایان رۆڵی پێشمەرگەیان ھەبووە

 
هەولێر-KDPinfo- سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی لە ھەرێمی كوردستان، باس لە بەگژداچوونەوەی بیری توندڕۆیی دەكات و دەڵێ، مامۆستایانی ئایینی مینبەری مزگەوتەكانیان ھاوشێوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆ تێكشكاندنی داعش بەكار ھێناوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پلانی دژایەتیكردنی توندڕۆیی، ھێشتا بەردەوامە.
 
مەلا عەبدوڵڵا سەعید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەی دوو ساڵە لە مزگەوتەكانی ھەرێمی كوردستان ھیچ خاڵێك باس نەكراوە كە كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر پرسی نەتەوەیی و توندڕەوی ھەبێت، بەڵكوو مامۆستایان و زانایانی ئایینی ھەموویان دژایەتیی خۆیان بۆ بیری توندڕەوی نیشان داوە و دەستپێشخەریش بوونە لە بنەبڕكردنی بیری توندڕۆیی لە كوردستان، بە بەردەوامییش لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییەوە، خول بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی دەكرێتەوە".
 
سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی دەڵێت: "مامۆستایانی ئایینی پێویستیان بە دابینكردنی سەرچاوەی مەعریفی ھەیە بۆ بەگژداچوونەوەی بیری توندڕۆیی لە ھەرێمی كوردستان، چونكە توندڕۆیی تایبەت نییە بە كاتێكی دیاریكراو، بە پێچەوانەوە بەردەوام كار بۆ بڵاوكردنەوەی ھزری توندڕۆیی دەكرێت و پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی جیددی ھەیە".
 
مەلا عەبدوڵڵا روونیشی كردەوە: "مامۆستایانی ئایینی لە سەرەتای شەڕی داعشەوە رۆڵێكی كاریگەریان ھەبوو لە تێكشكاندنی ئەو گرووپە توندڕەوە و مینبەری مزگەوتەكان ھاوشێوەی سەنگەری پێشمەرگە بەكار ھێندراوە بۆ دژایەتیكردنی ئەو گرووپە توندڕەوە، خۆشبەختانە ھەموو لایەك بە سەركردایەتیی سیاسیی كوردەوە ھەستیان بە و رۆڵە بەرچاوەی زانایان و مامۆستایانی ئایینی كردووە، ھیچ مامۆستایەكی ئایینیش پشتیوانی لە بیری توندڕۆیی نەكردووە و ھەر كەسێكیش زانیاری ھەبێت، ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین".
 
قائید میرۆ