Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"زانیاریی نوێ دەربارەی قەرەبووکردنەوەی گوندی کۆری"

هەولێر-KDP.info- بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی کۆری، دوای ئەوەی لەسەر پێشنیاری نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە ٤-٨-٢٠١٨ بۆ قەرەبووکردنەوەی گوندی کۆری پێشنیار خرایەڕوو و لەوێدا بە کۆنووسێک بۆ ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، کێشەی گوندی کۆری نەخشەرێگای چارەکردنی دیاری کرا، خۆشبەختانە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بە قەرەبووکردنەوەی پارەکانیان و زەوییەک دا و، ئێستایش لە ماوەی یەک مانگدا ڕێکارەکان تەواو دەکرێن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی کۆری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی گوندی کۆری بۆ کۆبوونەوەیەک دەگەڕێتەوە کە لە ٤-٨-٢٠١٨ لە دیوانی پارێزگا و لەسەر پێشنیازی پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی بۆ ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان نەخشەرێگەی چارەکردنی کێشەی گوندی کۆری دیاری کرا، لەو  کۆبوونەوەیەدا و بەگوێرەی نەخشەرێگاکە بڕیاردرا کە هاووڵاتیانی زیانلێکەوتووی گوندی کۆری قەرەبووبکرێنەوە و پارەچەیەک زەویشیان پێبدرێت، دواتر وەک کۆنووسی کۆبوونەوەکە کە بۆ ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بەرزکرایەوە و خۆشبەختانە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانیشە پێشنیارەکانی پەسەند کرد و ئەمساڵ لە ١٢-٥-٢٠١٩بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بە پارچەیەک لە زەوی لەگەڵ ٧ هەزار دۆلار دەرکرد.
بەگوێرەی نەخشەرێگای چارەکردنی کیشەی زیانلێکەوتووانی گوندی کۆری، وەبەرهێنانی هەولێر پارەی هاووڵاتیان دەگەڕێنێتەوە و لەوێدا بانکێک دیاری دەکرێ کە هاووڵاتیان بری ٧ هەزار دۆلار وەردەگرنەوە.
سەبارەت بە پێدانی زەویش سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە ماوەی یەک مانگدا کاری زەوییەکان تەواودەکات و بەسەر هاووڵاتیانی دابەش دەکات کە بۆ هەر زیانلێکەوتووێک ٢٠٠ مەتر دووجایە. بۆیە تا لەماوەی یەک مانگدا زەویی تەواودەکرێ و پارەکەش بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێندرێتەوە.


گوندی کۆری دەکەوێتە سەر ڕێگەی هەولێر_پیرمام و، ئێستا ١٢٠٠ خانووی لێ دابەش کراوە و خەڵک تێیاندا نیشتەجێ بوونە. لەگەڵ ئەوەی گوندەکە بەشیکی پێوست بە پزیشکانە و ئەوانیش لەماوەی داهاتوو دەچنە نێو خانووەکانیان..بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکە، ئەو خەڵکەی لەوێدا نیشتەجێ بوون سوودمەندبوون بەوەی ئێستا نرخی خانووەکانیان زۆر بەرز بووەتەوە، لە هەمان کاتدا زیانلێکەوتووانیش سوودمەند بوون، چونکە پارەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە و لە زەویییەکیش سوودمەند دەبن و نرخی ئەو زەوییەش بەرز دەبێت، چونکە خزمەتگوزاری و ئاو و کارەبا بۆ ئەم زەوییانە دابین دەکرێ و شوێنێکی ستراتیژی هەیە کە دەکەوێتە بەردەم شەقامی ١٥٠ مەتریی هەولێر لە نزیک گەزنە. بەم شێوەیە هیچکامیان زیانبار نین، چ ئەوانەی لە پڕۆژەی گوندی کۆریدا بوونە خاوەنی خانوو، چ ئەوانەیشی کە قەربوو دەکرێنەوە.