Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جێگری پارێزگاری مووسڵ: لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و ناوەند هەوڵی چارەكردنی كێشەی شنگال دەدەین

مووسڵ-KDP.info- جێگری یەكەمی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، بوونی پەكەكە لە شنگال مەترسییەكی گەورەیە و خەڵك ناچار نییە بچێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان و ژیانی لە مەترسیدا بێت. گوتیشی، ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعیی شنگال ناكەن، لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر ئەو بابەتە بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبن و هەوڵ بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە دەدەن.

سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەكەمی پارێزگای مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعیی شنگال ناكەین، چونكە هەر ئیدارەیەك لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان دروست كرابێت، شەرعیەتی نییە و لە ڕووی یاساوە باتڵە و ئێمە مامەڵەی لەگەڵ ناكەین، ئەو ئیدارەیەی كە بەناو لەو ناوچانە هەیە هۆكارە بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال نەگەڕێنەوە، چونكە بوونی ئەو ئیداریە لەو ناوچەیە لە خاریجی ئیرادەی خەڵكی شنگال و دەوروبەری بووە."

ڕۆژبەیانی دەشڵێ: "بوونی پەكەكە لە شنگال مەترسییەكی گەورەیە و خەڵك ناچار نییە بچێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان و ژیانی لە مەترسیدا بێت، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر ئەو بابەتە بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبین، هەوڵ بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە دەدەین، بۆ ئەوەی ئیدارەی شەرعی و خەڵكی ناوچەكە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".

ڕابین شێروانی