Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئافرەتانی پارتی داوای زیادكردنی ڕێژەی ئافرەت لە دامودەزگا حكوومییەكاندا دەكەن"

 

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئافرەتانی پارتی پڕۆژەیەك ئامادە بكەن و تێیدا داوای زیادكردنی ڕێژەی ئافرەت لەنێو دامودەزگاكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن. مامۆستایەكی زانكۆش پێی وایە، پارتی پێشتر پێشەنگ بووە لە زیادكردنی ڕێژە ئافرەت و پێویستە ئەم جارەش ژمارەی ئافرەتانی نێو حكوومەت زیاتر بكرێن.

 

نەدا مێرگەسۆری، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شەھیدكردنی لەیلا قاسم، مەكتەبی دیراساتی پارتیمان دیدارێكی ڕێك خستبوو و ھەر لە دیدارەكەدا كە ژمارەیەك ئافرەتی پارتی بەشدارییان كردبوو، تاوتوێی پڕۆژەیەك كرا بۆ زیادكردنی ڕێژەی ئافرەت لەنێو دامودەزگاكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكوومەتدا".

 

مێرگەسۆری، كە لە خولی ڕابردوودا ئەندامی پەرلەمانی عێراقیش بووە، دەڵێت: "بڕیارە ئێمە وەك ئافرەتانی پارتی پڕۆژەیەك ئامادە بكەین و پێشكەش بە سەرۆك بارزانی و مەكتەبی سیاسیی پارتیمان و بەڕێزان مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بكەین، مەبەست لەو پڕۆژەیەش ئەوەیە، كە ڕێژەی ئافرەت دیاری بكرێت و زیاتریش بكرێت، چونكە ئەوەی ھەیە وەك پێویست نییە و ئێمە پێمان وایە دەبێ لە حزبی خۆمانەوە دەست پێ بكەین بۆ زیادكردنی ڕێژەی ئافرەت".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان ڕێژەی ئافرەت دیاری كراوە، كە دەبێ ٣٠% بێت، بەڵام بۆ حكوومەت دیاری نەكراوە، ھەرچەندە ئامارێكی فەرمی نییە، بەڵام ئێمە وەك ئافرەتانی پارتی دەمانەوێ ببینە پێشەنگی ئافرەتانی ھەموو لایەنەكان بۆ زیادكردنی ڕێژەی ئافرەت و زیادكردنەكەش ھەر تەنیا بۆ ئافرەتانی پارتی نەبێت، بەڵكو بۆ ھەموو ئافرەتانی كوردستان بێت".


لەبارەی  ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك بۆ دانانی كۆتا بۆ ئافرەتان لەنێو حكوومەتدا، نەدا مێرگەسۆری گوتی: "ئێمە ئەو داواكارییەمان ھەیە و داوا لە مەسروور بارزانی دەكەین لە كاتی دەستبەكاربوونی حكوومەتدا، پڕۆژەیەك بداتە پەرلەمان و ڕێژەی كۆتا بۆ ئافرەت دیاری بكرێت و بە یاسایی بكرێت، ھاوشێوەی كۆتای ئافرەت بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان".

 

قائید میرۆ