Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەیلا قاسم

 
ئاریان فەرەج
 
بێ هەژمارن ئەوانەی لە كاروانی خەباتی پارتی و كوردایەتیدا، گیانیان بەخت كرد، هەموان نەمر و زیندووی نێو دڵی میللەتن، بەڵام شەهید لەیلا قاسم مەلەكشاهیی فەیلی، بوو بە سیمبولێك كە یادكردنەوەی وەك ئەوەیە كۆی شەهیدانی پارتی و كوردایەتی پێكەوە یادبكرێنەوە. 
لەیلای كچە كوردی فەیلیی گەرمەسێر، هەموو مەزڵومیەتی نەتەوەی كوردی تێدا كۆببۆوە، گەرمیانییەكی خاك تەعریبكراوی بەردەم رەشەبای تەرحیل، هەژار و خێرلەخۆ نەدیو، شیعە مەزهەبێكی چەوساوەی دەستی جیاكاریی مەزهەبی، خونچەیەكی هەڵوەریوی بەهاری تەمەن.
حیقد و دڵرەشیی و شێوازی پڕ قەساوەتی ئەشكەنجەدان و دواتر لەسێدارەدانی دڕندانەی، گوزارشت بوو لەوەی لەیلا لە چاوی دوژمنانی كورددا، هەموو خەسڵەتەكانی ئەو جۆرە كوردەی تێدابوو كە بەعسییەكان بە كوشتنی دەیانویست هەموو كورد بكوژن. لە چاوی شۆڤینیزمەكاندا لەیلا وەك ناسنامەی نەتەوەیی و وەك ناسنامەی مەزهەبی و وەك هەواداری سەرسەختی رێبازی بارزانی، تۆمەتبار و شایستەی مەرگ بوو، بۆیە لە ئەشكەنجەدان و كوشتنیدا نەك هەر سڵیان لە ژنێتی و گەنجێتیی نەكردەوە و بەزەییان نەجوڵا، بەڵكو بە كوشتنی بێ رەحمانەی، ئاویان بە ئاگری دەرونی رەش و نەخۆشیاندا كرد. 
لەیلا تەنیا رەمزی ژنێكی كوردی فیداكار نییە، رەمزی تێكۆشەرێكی پڕ باوەڕ و خۆڕاگر بەرامبەر ئەشكەنجەی وەحشییكەری، رەمزی كادر و ئەندامی سەرسەخت و دڵسۆزی پارتی و رێبازی بارزانی، رەمزی كچە فەیلییەكە كە هەموو ئازارەكانی كوردبوون و فەیلی بوون و پارتی بوونی لەخۆیدا كۆكردبۆوە. 
لەیلا دەیخواست خۆش بژی، زانكۆ تەواوكات و لەگەڵ دەستگیرانەكەی ماڵۆچكەی شادی پێكەوە بنێن، دەیویست دایك بێت، دەیویست تەمەن بگوزەرێنێ و تام لە ژیان بكات، بەڵام بۆ كچی میللەتێكی بندەست و مەزڵوم، بۆ كچێك نیشتمانەكەی خۆی لە ژیان خۆشنر بوێت، ئەم ئاواتانە ئەستەم بوون، 
لەیلا كە لە دوایین دیداری كەسوكارەكەیدا، داوای بەرگی بوكێنی كرد و ووتی: دەمەوێت بە جوانترین روخسار و جڵوبەرگمەوە، باوەش بە خاكی نیشتمانەكەمدا بكەم، ئەو پەیامەی گەیاندە هەموومان كە نەتەوەی داگیركراو، تا نەگات بە ئازادی و سەربەخۆیی، تامی ژیان و خۆشییەكانی ناچێژێ.